هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر پۆستی سه‌ركۆمار ده‌ربڕی

هەواڵ / کوردستان :: 18/09/2018‌ :: 10689‌ جار بینراوە

تاگ :: یه‌كێتى

دواڕۆژ، هۆگر کەمال
له‌دواى كۆبوونه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ وه‌فدێكی ئه‌مریكا به‌سه‌رۆكایه‌تی برێت ماكگۆرك، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا رایگه‌یاند :ڤیتۆی لەسەر هیچ کاندیدێکی یەکێتی نییە بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق و پشتگیری هیچ کاندیدێکیش ناکات، به‌ڵكو ئەنجومەنی سەرکردایەتی کاندیدی یەکێتی بۆ  ئەو پۆستە دەستنیشان دەکات.

له‌هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و بافڵ تاڵەبانی به‌ برێت ماکگۆرکیان راگه‌یاندووه‌ :یەکێتی کار بۆ ئەوە دەکات حکومەتی نوێی عێراق لەسەر بنەمای شەراکەتی راستەقینە بنیادبنرێت و دەستور بکرێتە بنەمای حکومەتێک کە تەوافق و هاوسەنگی و مافی هاووڵاتی بوونی تێدا پارێزراو بێت.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ لە دەباشان، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و بافڵ تاڵەبانی له‌گه‌ڵ برێت ماکگۆرک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش و دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و  ستیڤ ڤەیگن کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان كۆبوونه‌وه‌و هەردوولا گفتوگۆیان کرد لە بارەی پێشهاتە سیاسیەکانی هەرێم و عێراق و ناوچەکە و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.

لەبارەی تێڕوانین و بڕیاری سیاسی و مێژوویی و نەتەوەیی یەکێتی بۆ هەرێم و عێراق، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند یەکێتی باوڕی بە یەکڕیزی نیشتیمانی هەیەو لەو سۆنگەیەوە دەیەوێت کورد وەک یەک تیم لە ناوەند کاربکات و یەک بۆچوون هەبێت بۆ پرسەکان.

سەبارەت بە پرسی سەرۆک کۆماری عێراق، ئەوەیان تەکیدکردەوە ئەو پۆستە پشکی کوردەو لە ناو کوردیش بۆ یەکێتیە، لەو رووەوە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد وتی: "ڤیتۆم لەسەر هیچ کاندیدێکی یەکێتی نییە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و پشتگیری هیچ کاندیدێکیش ناکەم، ئەنجومەنی سەرکردایەتی کاندیدی یەکێتی بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان دەکات".

هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د باسی له‌وه‌شكرد: بۆ هەرێمی كوردستان ئەگەرچی لە کێبڕکێدان و لە بانگەشەی هەڵبژاردندان، بەڵام هەر دەمانەوێت ئاشتەوایی سیاسی تێکنەچێت و یەکڕیزیی بپارێزین دوور لە تەخوینکردن و زمانی زبر بانگەشەی خۆمان بکەین، نەك ببینەهۆی تێکدانی ژینگەی کۆمەڵایەتی و لێکترازانی زیاتر.
 
وتووشێتی : "ئەوەی بۆ یەکێتیش گرنگە ئەم بارودۆخە سیاسیە ناجێگیرەیە کە لە بەرژەوەندی کورد تێپەڕێنین و مافە دەستورییە زەوتکراوەکانمان بەدەستبهێنینەوە".

لە بەرامبەردا برێت ماکگۆرک رایگەیاندووه‌ :ئەمریکا عێراق جێناهێڵێت و پشتگیری لە کورد دەکات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی و گفتۆگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیش بە باشی بەڕێوەدەچێت و پشتگیری سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراقیش دەکەین.

ماكگۆرك وتیشی: "لەگەڵ ئەوەداین یەکێتی یەک کاندیدی هەبێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار كە ئەویش پێویستە ئەو کاندیدە ئەزمونی لەگەڵ بەغدا و لایەنە عێراقییەکان هەبێت و زمان بزانێت و پەیوەندی بەفراوانی لەگەڵ وڵاتان هەبێت". 

برێت ماکگۆرک ئەوەشی ئاشکراکرد پشتگیری لەو پرۆژانە دەکەن کە یەکێتی ناو یەکێتی دەپارێزێت، ئەوان یەکێتیەکی یەگرتوو  بەهێزیان دەوێت لەگەڵ سلێمانییەکی ئارامدا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە