جاك ما؛ جه‌نگى بازرگانیى ئه‌مریكا و چین 20 ساڵ ده‌خایه‌نێت

هەواڵ / ئابوری :: 18/09/2018‌ :: 177‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى به‌ڕێوه‌بردنى كۆمپانیاى "عه‌لى بابا" رایگه‌یاند: ناكۆكییه‌ بازرگانییه‌كانى نێوان ئه‌مریكا و چین 20 ساڵ ده‌خایه‌نێت و ده‌بێته‌هۆى "بێ سه‌روبه‌رى و پاشاگه‌ردانى" بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان.


جاك ما، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى به‌ڕیوه‌بردنى كۆمپانیاى "عه‌لى بابا" له‌ كۆنگره‌یه‌كى وه‌به‌رهێنان كه‌ عه‌لى بابا سازیكردبوو، رایگه‌یاند: واشنتن بڕیاریداوه‌ 200 ملیار دۆلار باجى گومرگ ده‌خاته‌سه‌ر هاورده‌ى چین و بێگومان چینیش وه‌ڵامى ده‌داته‌وه‌.

ما ده‌ڵێت: "گرژى و ئاڵۆزییه‌ بازرگانییه‌كان، كاریگه‌رى نێگه‌تیڤى گه‌وره‌ى ده‌بێت بۆ سه‌ر كۆمپانیاى چینى و بیانییه‌كان، له‌ ئاستى دورمه‌ودا كۆمپانیا چینییه‌كان ناچارده‌بن بۆ ده‌ربازبوون له‌ گومرگى زیاده‌و شوێنه‌كانیان بگوێزنه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ى چین".  

به‌رێوه‌به‌رى عه‌لى بابا وتیشى: "ره‌نگه‌ جه‌نگ بدۆڕێنیت یان بیبه‌یته‌وه‌، به‌ڵام دواى چه‌ند ساڵێكى دیكه‌ كۆمپانیا چینییه‌كان ده‌ڕۆن بۆ وڵاتانى دیكه‌ و پێویستیشمان به‌ بنه‌ما و رێساى بازرگانى نوێ هه‌یه‌".

ما، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد، ئه‌گه‌ر تره‌مپیش بڕوات و سه‌رۆكێكى نوێ بێت ئه‌و كێشه‌یه‌ هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ پێویستیمان به‌ یاساى نوێى بازرگانى و پێشخستنى رێكخراوى بازرگانى جیهانییه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure