مه‌لا به‌ختیار مه‌رجی كاندیدبوونى به‌رهه‌م ساڵح-ی بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار ئاشكراكرد

هەواڵ / کوردستان :: 18/09/2018‌ :: 3161‌ جار بینراوە

تاگ :: یه‌كێتى

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
به‌رپرسى ده‌سته‌ى كارگێڕى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى رایده‌گه‌یه‌نێت، پرسى كاندید بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى حزبه‌كه‌ى یه‌كلایى ده‌كاته‌وه‌، ده‌ڵێت: "هه‌ر كاتێك هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى یه‌كیان گرت، ئه‌وكات به‌رهه‌م ساڵح ده‌توانێت خۆى بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید بكات".

پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 18ى ئه‌یلولى 2018، وه‌فدێكی ئه‌مریكا به‌ سه‌رۆكایه‌تی برێت ماكگۆرك و ئه‌ندامێتی دۆگڵاس سڵێمان باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عیراق و ستیڤن فه‌یگن كونسوڵی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ وه‌فدێكى یه‌كێتى به‌ سه‌رۆكایه‌تى مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوى ده‌سته‌ى كارگێڕى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى له‌ سلێمانى كۆبوونه‌وه‌.

له‌دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌، برێت ماكگۆرك نێردراوی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی تیرۆر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامه‌وانیدا لەگەڵ مەلا بەختیار رایگه‌یاند: شانازییه‌ بۆ ئێمه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی گرنگ كۆبوینه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ یاده‌وه‌ری مێژووییمان له‌گه‌ڵ مام جه‌لال و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیدا هه‌یه‌.

باسى له‌وه‌شكرد "له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا چه‌ندین بڕیاری گرنگ له‌لایه‌ن عێراقییه‌كانه‌وه‌ به‌پێی مادده‌كانی ده‌ستور بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌درێت و دڵنیاشین سه‌ركرده‌ عێراقییه‌كان و كورده‌كان ئه‌م پرسه‌ گرنگانه‌ی ئێستا هه‌یه‌ یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه‌".

ماكگۆرك، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا :له‌ كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی یه‌كێتی باسمان له‌ قوربانیدانه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كرد، هاوبه‌شی ئه‌مریكا و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌مان له‌ ساڵی رابردوودا تاوتوێكرد.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، وتى "به‌ نێردراوی ئه‌مریكامان راگه‌یاندووه‌ وه‌ك چۆن له‌ رابردوودا به‌شێك بووین له‌چاره‌سه‌ر له‌ ئێستا و داهاتووشدا به‌شێك ده‌بین له‌ چاره‌سه‌ر".

وتیشى: "به‌ به‌راورد به‌ رابردوو هه‌موو لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان به‌رچاویان رونتره‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ له‌ ئێستادا گفتوگۆیه‌كی جددی و به‌رپرسیارانه‌ له‌ نێوان یه‌كێتی و پارتی و ناوخۆی یه‌كێتیش هه‌یه‌، بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق".

هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد "یه‌كێتی به‌پرۆژه‌وه‌ هه‌وڵیداوه‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان به‌ یه‌ك ده‌نگ بچنه‌ به‌غدا و به‌شداربن له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق".

سه‌باره‌ت به‌ كاندیدبوونى خۆى بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار، مه‌لا به‌ختیار باسى له‌وه‌كرد: ئه‌و پرسه‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی یه‌كلاییده‌كاته‌وه‌و بڕیاریشه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سبه‌ینێ یان دووسبه‌ی كۆببێته‌وه‌.

له‌باره‌ى پرسى رێككه‌وتن یان یه‌كگرتنه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیى، ئاماژه‌ى به‌وه‌دا :تا ئێستا به‌ ره‌سمی له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانییه‌وه‌ ئاگادارنه‌كراوینه‌ته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی یه‌كگرتنه‌وه‌مان، به‌ڵام هه‌ركاتێك هاوپه‌یمانی ئه‌و بڕیاره‌ی دا د.به‌رهه‌م ده‌توانێت خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار كاندید بكات.

هه‌ر ئه‌مڕۆ وه‌فده‌كه‌ی ئه‌مریكا به‌ سه‌رۆكایه‌تی برێت ماكگۆرك، له‌گه‌ڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی كۆبووه‌وه‌و له‌ ئێستاشدا له‌ده‌باشان له‌گه‌ڵ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و بافڵ تاڵه‌بانی له‌ كۆبوونه‌وه‌دان.

هه‌ر ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ لە شاری سلێمانی، كۆسرەت ڕەسول عەلی جێگری سكرتێری گشتی و حاكم قادر حەمەجان كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگه‌ڵ برێت ماكگۆرگ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا و وەفدی یاوەری كۆبووه‌وه‌و گفتوگۆكرا لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی دۆخی عێراق و ناوچەكەو هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق، هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە شەراكەتی ڕاستەقینە و دەستوور بكرێتە بناغەی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure