دواین هه‌ڵوێستى پارتى و یه‌كێتى له‌باره‌ى پۆستى سه‌ركۆمار

هەواڵ / کوردستان :: 18/09/2018‌ :: 1594‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
وته‌بێژى هه‌ردوو مه‌كته‌بى سیاسى پارتى و یه‌كێتى ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كه‌ن، پۆستى سه‌رۆك كۆمار ئیستحقاقى خۆیانه‌و پارتیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌گه‌ر نه‌گه‌نه‌ ڕێككه‌وتن، ئه‌گه‌رى بوونى دوو كاندید له‌ ئارادایه‌.


مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ دواڕۆژ وتی : "پارتی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە ئیستیحقاقی خۆى دەزانێت و كاندیدیشى ده‌بێت و به‌ فه‌رمیش داواى له‌ یه‌كێتى كردووه‌".

ئاشكراشیكرد، ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن كاندیدێكى هاوبه‌شیان هه‌بێت به‌ ڕێككه‌وتن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ینه‌ ڕێككه‌وتن، ئه‌وا ئه‌گه‌رى دوو كاندید له‌ ئارادایه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، له‌ سێ خولى ڕابردوودا پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار به‌ده‌ست یه‌كێتی بوو، ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ پارتى ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت، ده‌یانه‌وێ له‌وباره‌یه‌وه‌ بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتنێكى كۆنكرێتى و له‌ مه‌ودواش كۆبوونه‌وه‌یان ده‌بێت.

له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌عدى پیره‌، وته‌بێژى یه‌كێتیى نیشتیمانیى كوردستان بۆ دواڕۆژ، ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات :وەرگرتنی پۆستی سەرکۆماری عێراق مافی یەکێتیە، به‌ڵام هێشتا نه‌ له‌ نێوخۆى یه‌كێتى ڕێككه‌وتنى كۆتایى كراوه‌ نه‌ لەگەڵ پارتیش.

رونیكرده‌وه‌، ئێستا پارتی داوای ئەو پۆستە دەکات و به‌یه‌كه‌وه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ گفتووگۆیان كردوه‌، بەڵام له‌ دواین كۆبوونه‌وه‌یان هیچ بڕیارێك نەدراوەو هه‌ردوولامان چاوه‌ڕێى یه‌كتر ده‌كه‌ین.

ده‌ڵێت "له‌ قازانجى یه‌كێتى نییه‌ له‌ ناوخۆ چه‌ند كاندیدێكى هه‌بێت و له‌ هه‌مانكاتیشدا له‌به‌رژه‌وه‌ندى پارتى و یه‌كێتیش نییه‌ دوو كاندیدمان هه‌بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ بگه‌ینه‌ ریَِككه‌وتن به‌ر له‌واده‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure