یەکێتی و پارتی لیژنەیەک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک پێکدێنن

هەواڵ / کوردستان :: 19/09/2018‌ :: 637‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
لیژنه‌ى هاوبه‌شى یه‌كێتى و پارتى له‌ باره‌ى پرسى كه‌ركوك و دانانى پارێزگارى نوێ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى هاوبه‌شیان ئه‌نجامدا و له‌ چه‌ند ڕۆژى داهاتووشدا ڕاپۆرتى خۆیان ده‌ده‌نه‌ مه‌كته‌بى سیاسى حزبه‌كانیان.


ئاسۆمامه‌ند، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لێپرسراوى مه‌ڵبه‌ندى كه‌ركوك به‌ دواڕۆژى  راگەیاند: لەدواین كۆبوونەوەی هاوبەشی یەكێتی و پارتی، بڕیاردرا لیژنەیەكی چوار كەسی کە دوو لە یەكێتی و دوو لە پارتی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك دروستبكرێت و تائێستاش لیژنەكە یەكەمین كۆبوونەوەی خۆى ئه‌نجامداوه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: كارى سه‌ره‌كى لیژنه‌كه‌ ئاماده‌سازیكردنه‌ بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ و چارەسەركردنی كێشەكان و ئاساییكردنه‌وى بارودۆخى شاره‌كه‌ كە پەیوەستە بە رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی له‌ نێوخۆیان و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان.

ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد: گرنگ ئەوەیە پارتی و یەكێتی به‌په‌له‌ لەسەر كەركوك رێكبكەون و كاتێك ئه‌و دوو هێزه‌ رێككەوتن، ئەوكات دەتوانن بە دەنگی زۆرینەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك كێشەكە چارەسەر بكەن.

وتیشى: "بوونى هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان له‌ كه‌ركوك داواكارى سه‌ره‌كى ئێمە و پارتییه‌ و ده‌بێت لیژنه‌كانى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێگەچاره‌یه‌كى بۆ بدۆزینه‌وه‌ ".

روونیشیكرده‌وه‌: دواى ئه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى دیكه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن ڕاپۆرتى لیژنه‌ به‌رزده‌كرێته‌وه‌ بۆ هه‌ردوو مه‌كته‌بى سیاسى حزبه‌كان و تائێستاش ناوى كه‌س و كاتى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌ن دیارینه‌كراوه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure