ئاگادارییه‌ك بۆ ئه‌و ئافره‌تانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌و ڤیدیۆیان لێكراوه‌

هەواڵ / کوردستان :: 18/09/2018‌ :: 3144‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لى
ئاگادارییەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژ بە ئافرەتان دەرکراوە، لەبارەی ئەو ئافرەتانەی هه‌ڕه‌شه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌و ڤیدیۆیان لێکراوە، بەوەی به‌زووترین كات په‌یوه‌ندیان پێوە بکەن.


لەو ئاگادارینامەیەدا هاتووە "داوا لە کچان و ژنانى هەرێمى کوردستان دەکەین بە ئاگاییەکى زۆر زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەن، چونکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئامرازەکانى تەکنەلۆژیا گرەنتى پاراستنى تایبەتمەندى و نهێنییەکانى کەسایەتى هیچ کەس ناکەن ".

ده‌قی ئاگادارییه‌كه‌:
روونکردنەوەو ئاگادارینامەیەک لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژبە ئافرەتان

دواى ئەوەى لە بەرواری٢٣- ٨- ٢٠١٨ لەلایەن "نەخۆشخانەی شەهیدانی قەلادزێ" ئاگادارى بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لەسەر ئاستى "دەڤەرى راپەڕین" کرایەوە بە بوونی ئافرەتیکی سوتاو بە ناوی "پەرواز حسێن " تەمەن ١٨ سال کە پیشەی خوێندکارەو دانیشتووی گەڕەکی فەرمانبەرانى قەزاى قەلادزێیە،. لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت کە خۆی خۆی سوتاندووە، هۆکاری خۆسوتاندنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بوونى پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کوڕێک بە ناوی "ه ، و، ڕ" وادیارە پێشتر وێنەی فۆتۆیی هەبووە لەگەڵ تۆمەتبار"ه ، و، ڕ" ، دواتر تۆمەتبار "ه ، و، ڕ" داوای لە تاوان لێکراو "پەرواز حسێن" کردووە کە لەگەڵی بچێتە دەرەوە، ئەگەرنا وێنەکانی بلا‌َو دەکاتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، بەڵام تاوانلێکراو رازى نەبووە، پاش خۆسوتاندنى تاوانلێکراوو وەرگرتنى چارەسەری سەرەتایی ناوبراو گواستراوەتەوە بۆ "نەخۆشخانەی سلێمانی" بە مەبەستی چارەسەرکردن، بەڵام بەداخەوە لە بەرواری ٢٤ - ٨ - ٢٠١٨ لە بەر زۆری ڕێژەی سوتانی تاوان لێکراو گیانی لەدەست دا .

پاش ئەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخرا، بە بڕیارى دادوەر بڕیاردرا بە دەستگیرکردنی تۆمەتبار "ه ، و، ڕ" بە پێی مادەی ٤٠٨ لە "یاسای سزادانی عێڕاقی"، لە ئێستادا تۆماتبار دەستگیرکراوەو پەڕاوەکەى لەژێر لێکۆڵینەوەى یاساییدایە.

لێرەوە بەدەرفەتى دەزانین ئاگادارى هەموو ئەو ئافرەتانە بکەینەوە کە تا ئێستا لەژێر هەڕەشەى بڵاوکردنەوەى وێنەو ڤیدیۆو نامەو هەروەها هەر ئامرازێکى ترى رووشاندنى کەسایەتى و ئابڕوبردندان داوایان لێدەکەین بەبێ سڵەمینەوە پەیوەندى بکەن بە بەڕێوەبەرایەتییەکانى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژبە ئافرەتان لەسەر ئاستى پارێزگاکانى "هەولێر، سلێمانى، دهۆک، گەرمیان، سۆران، ڕاپەڕین"، یاخود نوسینگەکانمان ئاگاداربکەنەوە لەسەر ئاستى قەزاکان، یان پەیوەندى بە بنکەکانى پۆلیسى شاروشارۆچکەکانەوە بکەن لەرێگەى هێڵى گەرمى تەلەفۆنەکانیانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا داوا لە کچان و ژنانى هەرێمى کوردستان دەکەین بە ئاگاییەکى زۆر زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەن، چونکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئامرازەکانى تەکنەلۆژیا گرەنتى پاراستنى تایبەتمەندى و نهێنییەکانى کەسایەتى هیچ کەس ناکەن و هەر وێنەیەو ڤیدیۆو نامەیەکى دەنگى تا ئەو جێگەیە پارێزراوە کە لە مۆبایل و کۆمپیوتەرو هەژمارە تایبەتییەکانەوە دەرناچێت و نانێردرێن بۆ کەسانى دیکە.

ژمارە تەلەفۆنەکانى بەرێوەبەرایەتییەکانى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژبە ئافرەتان :

بەڕێوەبەرایەتییەکانى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى / هەولێر 07507598172 0662567272

بەڕێوەبەرایەتییەکانى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى / سلێمانى هێڵى گەرمى ژمارە 199
بەڕێوەبەرایەتییەکانى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى / دهۆک 0664561315 - 07507851881

بەڕێوەبەرایەتییەکانى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى / گەرمیان 07481784849
بەڕێوەبەرایەتییەکانى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى / سۆران 07507077833
بەڕێوەبەرایەتییەکانى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى / ڕاپەڕین 07480275081

بەڕێوەبەرایەتی گشتى
بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژبە ئافرەتان / وەزارەتى ناوخۆ
18/9/2018




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure