"هەرێم داوای زانیاری كردووە"
له‌باره‌ی گه‌مارۆكانی سه‌ر ئێران شاندێكی ئه‌مریكی لەهەولێرە

هەواڵ / کوردستان :: 18/09/2018‌ :: 1384‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
له‌باره‌ی گه‌مارۆكانی سه‌ر ئێران لەلایه‌ن ئەمریكا و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه‌ شاندێكی راوێژكارانی ئه‌مریكی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و كونسڵخانه‌ی گشتی ئه‌و وڵاته‌ش له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم و ژووری بازرگانی كۆبوونه‌ته‌وه‌.


رۆژی‌ 6ی ئاب دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئەمریكا كشانه‌وی وڵاتەكەی له‌ رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران راگه‌یاند و كۆمه‌ڵێك سزاشی وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م لەو گەمارۆیانە بۆ سه‌ر تاران خسته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیكه‌وتووه‌، له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا شاندێكی كونسڵخانه‌ی ئه‌مریكی به‌سه‌رۆكایه‌تی ستیڤ فه‌یگن، كونسڵی گشتی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیری دارایی و ژووری بازرگانی هه‌رێم له‌باره‌ی سزاكانی سه‌ر ئەمریكا و پابه‌ندبوونی هه‌رێم بۆ ئه‌و سزایانه‌ كۆبۆته‌وه‌ و روونكردنه‌وه‌یان پێداون له‌باره‌ی مامه‌ڵه‌كردنی دارایی و بازرگانی له‌گه‌ڵ هه‌ندێ بانك و كۆمپانیای ئه‌و وڵاته‌.

دواڕۆژ زانیویه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ شانده‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌: ده‌توانن لیستی ناوی ئه‌و كۆمپانیا و بانكانه‌یان پێبده‌ن كه‌ ئەمریكا  گه‌مارۆی له‌سه‌ر داناون و شاندی كونسڵخانه‌ی ئەمریكاش ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه‌، له‌ رۆژانی داهاتوو شاندێكی راوێژكارانی ئەمریكا له‌ به‌غداوه‌ ده‌گه‌نه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی كۆبوونه‌وه ‌و به‌رچاوڕوونی به‌ حكومه‌تی هه‌رێم  و وه‌زاره‌تی دارایی.

به‌پێی راگه‌یەنراوێكی وه‌زاره‌تی دارایی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 16ی ئه‌یلول ستیڤ فه‌یگن، كونسڵی گشتی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی وه‌زاره‌تی دارایی كردووە و له‌گه‌ڵ رێباز حه‌ملان، وه‌زیری دارایی و ئابووری كۆبوونەتەوه‌ یه‌كێك له ته‌وه‌ره‌كانیش پرسی گه‌مارۆكانی ئەمریكا  بۆ سه‌ر ئێران بووه‌.

به‌پێی راگه‌یەنراوه‌كه‌، باس له‌ گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ كراوه‌ و وه‌زیری دارایی و ئابووری ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووە كه‌ پێویسته‌ ره‌چاوی ژیان و گوزه‌رانی هاوڵاتیان و دۆخی بازاڕی هه‌رێم و ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌ سنوره‌كان بكرێت له‌و گۆڕانكاریانه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌ رووده‌ده‌ن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure