بڕیارێک بۆ کارگەکانی دروستکردنی ئارد دەرکرا

هەواڵ / ئابوری :: 18/09/2018‌ :: 1797‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
له‌ نوسراوێكدا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، داوا لە ژووری بازرگانی ده‌كات، بڕیارێک بۆ کارگەکانی بەرھەمھێنانی ئارد دەربکەن.


بەپێی نوسراوی ژمارە ٦٤٠ کە لە رۆژی ٢٠١٨/٩/٣ دەرکراوە واژۆی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەرە، وێنەیەکی دەست دواڕۆژ کەوتووە تیایدا ھاتووە "لەسەر ناوەڕۆکی داواکاری لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تایبەت بە پابەندکردنی کارگەکانی ئارد بۆ دانانی لۆگۆی تایبەت، بۆ ئەوەی بەئاسانی ئاردی کارگەکان لە یەکتری جیابکرێتەوە".

لە یاداشتەکەی لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوە ھاتووە "لە بەدواداچونەکانماندا ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە کارگەکانی ئارد لۆگۆی تایبەتیان بەخۆیان نییە، بۆیە داوا لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بکرێت تەواوی کارگەکان پابەندبکەن بە بەکارھێنانی لۆگۆی تایبەت، بۆ ئەوەی بە ئاسانی ئاردی کارگەکان لەیەکتری جیابکرێتەوە و باشی و خراپی کارگەکانیش بۆ ھاووڵاتیان رونبێتەوە".

هاوكات یاسین ره‌حیم جێگرى سه‌رۆكى ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی به‌دواڕۆژى راگه‌یاند، نوسراوه‌كه‌مان به‌ده‌ستگه‌یشتووه‌ و كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ین و هه‌وڵى جێبەجێکردنی ده‌ده‌ین.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure