كۆمەڵ بە مەرج سەركردە و ئەندامەكانی لە هاوپەیمانی وەردەگرێتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 18/09/2018‌ :: 2149‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سەركردەیەكی كۆمەڵی ئیسلامی رایدەگەیەنێت: ئەو سەركردە و ئەندامانەی پێشووی حیزبەكەیان كە لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەرین، حیزبەكەیان مەرجی بۆ وەرگرتنەوەیان هەیە و دەبێت وەكو ئەندامێكی نوێ بگەڕێنەوە.

مەروان گەڵاڵی، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: ئەو برادەرانە بەئارەزووی خۆیان رۆیشتن بۆ نێو هاوپەیمانی و دیارە قەناعەتیان بە شێوازی سیاسەتی كۆمەڵ نەبووە، هیچ گۆڕانكارییەكیش لە سیاسەتی كۆمەڵ رووینەداوە، بەڵام ئەوەندەی ئاگادارە ئەو كاتەی ئەوانیش بیانەوێت بگەڕێنەوە نێو كۆمەڵی ئیسلامی، كۆمەڵیش قسە و مەرجی خۆی هەیە.

سەبارەت بەمەرجەكانی حیزبەكەیان بۆ ئەو سەركردە و ئەندامانە ئەگەر بگەڕێنەوە، ناوبراو وتی: "ئەنجومەنی سیاسی و سەركردایەتی مەرجەكان دیاری دەكات، بەڵام لە حاڵەتی گەڕانەوەیان، وەكو ئەندامێكی نوێ دێنەوە نێو كۆمەڵ، چونكە ئەو پۆستانەی كە پێشتر هەیانبووە پێیان نادرێتەوە، ئەو كاتە بەپێی شایستەیی و پلەی حیزبی پلەیان پێدەدرێت".

گەڵاڵی وتیشی: "ئەو برادەرانە هەڵەیەكی مێژوویان كرد بەو هەنگاوەیان، ئێستاش ئەگەر بیانەوێت ئەو هەڵە مێژوییە راست بكەنەوە دەبێت قوربانی بە زۆر شت بدەن، بەتایبەتی بۆ دەستپێكردنەوەی هەڕەمی حیزبی لەسەرەتاوە بۆ كۆتایی".

هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات و سەرەتای ئەمساڵ راگەیەندرا، ئەو حیزبە دوو سەركردەی دیاری یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی تێدایە ئەوانیش محەمەد رەئوف، لە یەكگرتوو، ئارام قادر لە كۆمەڵ، جگە لەو دوو سەركردەیەش چەند ئەندامێكی دیكەی كۆمەڵی تێدان.

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە پرسی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح جێگری پێشووی سكرتێری گشتی یەكێتی كە سەرۆكی هاوپەیمانییە بۆ نێو یەكێتی لە میدیاكان بڵاوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure