نێچیرڤان بارزانی و برێت مەکگۆرک کۆبوونەوە

هەواڵ / کوردستان :: 17/09/2018‌ :: 222‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 17/9/2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز برێت مه‌كگۆرك نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تیی شه‌ڕی دژی داعش كرد.

 
له‌ دیدارێكدا دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و ستیڤ ڤه‌یگن كونسولی گشتیی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوون، شاندی میوان باسیان له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك و هه‌ردوو جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و دانوستانه‌كانی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراقی له‌لایه‌ك، هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كرد، هه‌روه‌ها پشتگیریی خۆیان بۆ‌ ڕۆڵی كاریگه‌ریی لایه‌نی كوردی له‌ به‌غدا و به‌شداریكردنێكی به‌هێزیان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و حومكڕانیی عێراقدا نیشان دا.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به هه‌وڵی به‌رده‌وامی هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان بۆ به‌شداریكردنێكی به‌هێز له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و دیاریكردنی پۆسته‌كان له‌ به‌غدا و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق كرد و له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاشكرای كرد كه‌ دانوستانه‌كانی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان به‌تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتی بۆ دروستكردنی هاوده‌نگییه‌ك له‌سه‌ر كۆی پرۆسه‌ی سیاسیی له‌ به‌غدا به‌رده‌وامه‌، هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌  بانگه‌شه‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی ئارام و ڕێكوپێك به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.


تاوتوێكردنی بارودۆخی گشتیی ناوچه‌كه‌ و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌یست به‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure