په‌رله‌مان ده‌رگای خۆپاڵاوتن بۆ سه‌رۆك كۆماری ده‌كاته‌وه‌ و مه‌رجه‌كان دیاریده‌كات

هەواڵ / عێراق :: 17/09/2018‌ :: 1153‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین 
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 17ی ئه‌یلول، ده‌رگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق كرده‌وه‌، هاوكات ئه‌و مه‌رجانه‌شی ئاشكراكرد كه‌ كاندیده‌كان پێویسته‌ تێیاندابێت.

نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی په‌رله‌مانی به‌غدا، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ دواڕۆژ وێنه‌یه‌كی ده‌ستكه‌وتووه‌ ده‌ڵێت: "به‌پێی مادده‌كانی دوو و سێ له‌ یاسای ژماره‌ 8ی ساڵی 2012 (یاسای حوكمی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار)، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كردنه‌وه‌ی ده‌رگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار راده‌گه‌یه‌نێت". 

هاوكات ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌: پێویسته‌ له‌سه‌ر كاندیده‌كان كه‌ مه‌رجه‌كانیان تێدایه‌، داواكارییه‌كه‌یان به‌شێوه‌ی نوسراو و به‌ڵگه‌ی پێویست بۆ سه‌لماندنی بوونی مه‌رجه‌كان و سیڤی خۆیان پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و فه‌رمانگه‌ی یاسایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بكه‌ن. 

ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو: ئه‌و داواكارییه‌ پێویسته‌ له‌ كاتژمێر 9ی به‌یانی بۆ 3ی دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژانی سێشه‌ممه‌ و چوارشه‌ممه‌ و شه‌ممه‌ پێشكه‌ش بكرێت كه‌ هاوكاته‌ 18 و 19 و 23ی ئه‌م مانگه‌.

به‌پێی نوسراوه‌كه‌، مه‌رجه‌كانی كاندیدبوون بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری ئه‌مانه‌ن: - 

یه‌كه‌م: له‌دایكبووی عێراق بێت له‌ دایك و باوكی عێراقی بووبێت. 

دووه‌م: ته‌مه‌نی چل ساڵ به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ بێت. 

سێیه‌م: خاوه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كی باشبێت و ئه‌زمونی سیاسی هه‌بێت، شایه‌تی ده‌ستپاكی بۆ بدرێت و جێگیربێت و دادپه‌روه‌ربێت و دڵسۆزی بۆ نیشتیمان هه‌بێت. 

چواره‌م: به‌لای كه‌مه‌وه‌ خاوه‌نی بڕوانامه‌ی زانكۆیی بێت و بڕوانامه‌كه‌شی له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عێراقه‌وه‌ دانپێدانراوبێت. 

پێنجه‌م: پێشتر حوكمی به‌سه‌ردا نه‌درابێت به‌ تۆمه‌تی ئابڕوو. 

شه‌شه‌م: پێویسته‌ له‌و كه‌سانه‌ نه‌بێت كه‌ ئه‌حكامه‌كانی ڕێوشوێنی لێپرسینه‌وه‌ و دادوه‌ری ده‌یانگرێته‌وه‌، یان هه‌ر ڕێوشوێنێكی دیكه‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌و. 

سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جه‌ختی له‌وه‌كردووه‌ته‌وه‌، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار، له‌ ماوه‌یه‌ك ده‌بێت كه‌ كۆتا کاتی 2/10/2018 دەبێت، به‌پێی ماده‌ی (72/دوو/ب)له‌ ده‌ستوری عێراق. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure