گه‌وره‌ترین ئیئتلافى په‌رله‌مان هێشتا كاندیدى بۆ سه‌رۆك وه‌زیران نییه‌

هەواڵ / عێراق :: 17/09/2018‌ :: 243‌ جار بینراوە

تاگ :: حکومەت

دواڕۆژ
ئیئتلافى سائیرون كه‌ گه‌وره‌ترین ئیتلافى براوه‌ى هەڵبژاردنی په‌رله‌مانى عێراقە، تائێستا نه‌ك ته‌نیا كاندیدى بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران نییه‌، به‌ڵكو هێشتا كاندیدى یه‌كلاییكردنه‌وه‌شیان تاوتوێ نه‌كردووه‌.


ته‌لعه‌ت كه‌ریم، په‌رله‌مانتارى ئیئتلافى سائیرون، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: هه‌موو ئه‌و ناوانه‌ى له‌ میدیاى عێراقى و سۆشیال میدیادا ده‌خرێنه‌ڕوو، هه‌مووى هه‌ڵسه‌نگاندن و پێشبینى و شیكردنه‌وه‌ و به‌راوردكردنه‌ به‌و مه‌رجانه‌ى مه‌رجه‌عییه‌تى باڵا دایناوە، ئه‌گینا هیچ ناوێك به‌فه‌رمى نه‌خراوه‌ته‌ڕوو.

وتیشی: "ئێمه‌ له‌ ئیئتلافى سائیرون له‌ هیچ ئاستێكدا تائێستا ناوى كه‌سمان نه‌خستۆته‌ به‌رباس و لێكۆڵینه‌وه‌ و تاوتوێكردن".

ئەو پەرلەمانتارە رونیشیکردەوە: هێشتا هه‌نگاوى تریش ماون بۆئه‌وه‌ى بگه‌ینه‌ كاندیدكردنى كه‌سێك بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆماره‌، ئه‌و پرۆسه‌یەش تا سه‌رى ئه‌م مانگه‌ ده‌مانبات، پۆستى سه‌رۆک كۆماریش هێشتا یه‌كلایى نه‌بۆته‌وه‌ بۆ کێ دەبێت كه‌ پشكى كورده‌.

ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد: پێش هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان، مه‌ترسى له‌ دروستبوونى بۆشایبى ده‌ستورى و یاسادانان هه‌بوو، ئێستا ئه‌و مه‌ترسییه‌ش ره‌وییه‌ته‌وه‌، دواى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار ده‌ستده‌كرێت به‌ راوێژ و دانوستان بۆ دروستكردنى فراکسیۆنه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌ و راسپاردنى کەسێک بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت.

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure