لادانی به‌رپرسانی كورد له‌ پۆسته‌كانیان پەرلەمانتارانی کەرکوکی هێنایه‌ده‌نگ

هەواڵ / کوردستان :: 17/09/2018‌ :: 710‌ جار بینراوە

تاگ :: كه‌ركوك

دواڕۆژ، عیماد جەباری
پەرلەمانتارانی کەرکوک سەبارەت بە لادانی بەرپرسانی کورد لە پۆستەکانیان له‌و شاره‌ یاداشتێکی ناڕەزایەتی دەدەنە حکومەتی عێراق.


بەپێی نوسراوێک کە ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 17ى ئه‌یلولى 2018 دەست دواڕۆژ کەوتووە، شەش پەرلەمانتارەکەی یەکێتی له‌ کەرکوک لە یاداشتەکانیاندا بۆ تۆرهان موفتی نوێنەری حکومەت لە پەرلەمانی عێراق داوایانکردووە گۆڕانکاری لە فەرمانگەکانی کەرکوک لەلایەن راکان جبورییەوە رابگیرێت کە دەستیکردووە بەلادانی بەرپرسە کوردەکان لە پۆستەکانی تەندروستی و شارەوانی.

یەکێک لە پەرلەمانتارەکانی یەکێتی، کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دواڕۆژی وت: شەوی رابردوو وەکو پەرلەمانتارانی کەرکوک لەگەڵ نوێنەری حکومەت لە پەرلەمان کۆبوینەوە و له‌ئێستادا چاوه‌ڕوانین ئەنجامەکه‌یمان دەستدەکەوێت.

وتیشی: "سەرجەم پێشێلکارییەکانى پارێزگاری کاتی کەرکوکمان خستوەتەڕوو کە لە دەرەوەی رێککەوتن و یاساکان دەستیکردووە بەدورخستنەوەی بەرپرسە کوردەکان".

ئەوەشی خستەڕو کە توانیویانە بەشێوەی کاتی گۆڕانکارییەکانی تەندروستی رابگرن و چاوەڕێی وەڵامی حکومەتن لەو بارەیەوە.

دوێنێ بەڕێوەبەری تەندروستی کەرکوک بە فەرمانێکی کارگێڕی سێ بەرپرسی کوردی لە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌ى دورخستەوە و کەسانی عەرەبی لە شوێنەکانیان دانا.

هەروەک پارێزگاری کاتی کەرکوک بە نوسراوێک داوایکردووە دوو پۆست لە شارەوانی لە کورد وەربگیرێتەوە و بدرێتە عەرەب و تورکمان.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure