بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران
محه‌مه‌د ره‌زا سیستانى ده‌ستوه‌رده‌دات

هەواڵ / عێراق :: 17/09/2018‌ :: 611‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ
سه‌ره‌ڕاى تێپه‌ڕبوونى زیاتر له‌ چوار مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مان، هێشتا ئاسۆى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ له‌ عێراق دیار نییە، سه‌رچاوه‌كانیش رایده‌گه‌یه‌نن: لایه‌نه‌كان هێشتا كاندیدێكى دیاریكراویان بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى داهاتوو نییه‌و کوڕەکەی سیستانیش دەستیوەرداوەتە پرسەکەوە.


پاش نزیكه‌ى دوو هه‌فته‌، دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ یه‌كه‌م دانیشتنى په‌رله‌مانى عێراق پاش هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك و جێگره‌كانى كۆتاییهات و رۆژى سێشه‌ممه‌ى داهاتوویش 25ى ئه‌یلول بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمارى نوێ دیاریكرا كه‌ لاى خۆیه‌وه‌ پاش رێوشوێنه‌ یاساییه‌كان پاڵێوراوى گه‌وره‌ترین كوتله‌ بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت راده‌سپێرێت.

ئه‌گه‌رچى له‌ دانیشتنى ده‌ستپێكى په‌رله‌ماندا هه‌ردوو به‌ره‌ى سائیرون - نه‌سڕ له‌لایه‌ک و فه‌تح - ده‌وڵه‌تى یاسا له‌ لایه‌كى تر بانگه‌شه‌ى دروستكردنى گه‌وره‌ترین كوتله‌ى په‌رله‌مانیان كرد، به‌ڵام ژماره‌ى په‌رله‌مانتارانى هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ بووه‌ مایه‌ى گومان، جگه‌ له‌وه‌ى رۆژانى دواتر و به‌تایبه‌تیش رووداوه‌كانى به‌سڕه‌ هه‌ندێك له‌ هاوپه‌یمانه‌كانى كرده‌ ركابه‌ر و ئاماژه‌ى بۆ دروستبوونى به‌ره‌ى نوێ نیشاندا.

له‌ئێستاشدا شاره‌زایان باس له‌ نزیكى نێوان هاوپه‌یمانى سائیرون به‌ سه‌رۆكایه‌تى موقته‌دا سه‌در و فه‌تح به‌ سه‌رۆكایه‌تى هادى عامرى ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش كار بۆ پێكهێنانى گه‌وره‌ترین كوتله‌ ده‌كه‌ن تا له‌ دیاریكردنى پاڵێوراوى سه‌رۆك وه‌زیران و دواتریش پێكهێنانى كابینه‌ى حكومه‌ت جێده‌ستى خۆیان بنه‌خشێنن.

به‌پێى میدیا عێراقییه‌كان لێكنزیكبوونه‌وه‌ى هاوپه‌یمانێتیه‌كانى سه‌در و عامرى پاش ده‌ستێوه‌ردانێكى محه‌مه‌د ره‌زاى كوڕى سیستانى گه‌وره‌ مه‌رجەعى شیعه‌ دێت له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه‌ى له‌وه‌ى پێویسته‌ پاڵێوراوى سه‌رۆك وه‌زیران پشتیوانى هه‌ریه‌ك له‌ موقته‌دا سه‌در و هادى عامرى و سیستانى هه‌بێت.

ئه‌و میدیایانه‌ له‌سه‌ر زارى سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كانه‌وه‌ بڵاویانكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ گفتوگۆكانى نێوان هه‌ردوو هاوپه‌یمانى سائیرون و سه‌در به‌رده‌وامه‌ له‌پێناو دیاریكردنى سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێ.

له‌ماوه‌ى دوو رۆژى رابردوشدا ناوى چه‌ندین كه‌س وه‌ك پاڵێوراوى ئه‌و پۆسته‌ هاتوون، ئه‌مه‌ش پاش كه‌مبوونه‌وه‌ى چانسى حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى نه‌سڕ له‌ دووباره‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ى پۆسته‌كه‌ى .

له‌ دیارترین ئه‌و ناوانه‌ش كه‌ باسده‌كرێن هه‌ریه‌ك له‌، عادل عه‌بدولمه‌هدى و عه‌لى شوكرى و فالح فه‌یاز و عه‌بدولوه‌هاب ساعدى سه‌ركرده‌ى ده‌زگاى ریشه‌كێشكردنى تیرۆر هه‌ن.

به‌پێى مادده‌ى (76)ى ده‌ستور سه‌رۆك كۆمارى عێراق كاندیدى ئه‌و فراكسیۆنه‌ په‌رله‌مانیه‌ى زۆرترین ئه‌ندامى هه‌یه‌ راده‌سپێرێت بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى حكومه‌ت له‌ماوه‌ى 15 رۆژدا له‌دواى هه‌ڵبژاردنى به‌ سه‌رۆك كۆمار، سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراویش 30 رۆژى له‌به‌رده‌مدا ده‌بێت بۆ دیاریكردنى ناوه‌ى وه‌زیره‌كانى كابینه‌كه‌ى.

به‌پێى رێوشوێنه‌ ده‌ستورییه‌كان بێت گه‌ر له‌ 25ى ئه‌م مانگه‌ پۆستى سه‌رۆك كۆمار كه‌ پشكى كورده‌ یه‌كلاببێته‌وه‌، ئه‌وا لایه‌نه‌ شیعیه‌كان له‌ئێستاوه‌ كه‌متر له‌مانگێكیان له‌به‌رده‌مدا ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیران یه‌كلابكه‌نه‌وه‌.

ئا: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure