به‌هاى لیره‌ دابه‌زینى به‌رچاوى به‌خۆیه‌وه‌ بینى

هەواڵ / ئابوری :: 17/09/2018‌ :: 3178‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، به‌هاى لیره‌ى توركى به‌رامبه‌ر دۆلار، دابه‌زینى به‌رچاوى به‌خۆیه‌وه‌ بینى، دواى ئه‌وه‌ى له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا به‌هۆى به‌رزكردنه‌وه‌ى نرخى سووه‌كان، كه‌مێك به‌رزبووه‌وه‌.

كاتژمێر 4:00ى ئێواره‌ به‌كاتى هه‌ولێر، له‌ بازاڕه‌كانى دراوى ئه‌سته‌نبولدا لیره‌ دابه‌زینى به‌خۆه‌یه‌وه‌ بینى و دۆلارێك به‌6.2599 لیره‌ مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا، له‌كاتێكدا له‌كردنه‌وه‌ى بازاڕدا به‌ 6.25.75 بوو، دوێنێش له‌ داخستنى بازاڕدا دۆلارێك به‌ 6.17 لیره‌ بوو.

دابه‌زینى به‌هاى لیره‌ى توركى له‌كاتێكدا، كه‌ هه‌فته‌ى رابردوو، به‌هۆى به‌رزكردنه‌وه‌ى نرخى سووه‌كان له‌لایه‌ن بانكى ناوه‌ندى توركیاوه‌ به‌رێژه‌ى 625 خاڵ بناغه‌، به‌هاى لیره‌ له‌به‌رێژه‌ى 4% به‌رزبوه‌وه‌، به‌لام دووباره‌ ئه‌مڕۆ روى له‌دابه‌زین كرده‌وه‌.

به‌گشتى له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌، به‌هۆى گرژییه‌كانى نێوان ئه‌نكه‌ره‌ و واشنتۆن، به‌هاى لیره‌ى توركى به‌رامبه‌ر دۆلار، به‌رێژه‌ى 40%  هاتوه‌ته‌خواره‌وه‌ و به‌وه‌ش رێژه‌ى هه‌ڵاوسانى نرخه‌كان روو له‌ هه‌ڵكشان بووه‌ له‌ توركیا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure