بۆچوونی گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ
سەبارەت بە نزیكبوونەوەی یەكێتی و هاوپەیمانی

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 17/09/2018‌ :: 1388‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
پەرلەمانتارێكی گۆڕان پێیوایە نزیكبوونەوەی یەكێـتی و هاوپەیمانی ئاساییە، بەڵام ئەگەر بەرهەم ساڵح بڕواتەوە نێو یەكێتیش، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی پێنادرێت، سەركردەیەكی كۆمەڵیش دەڵێت: "بەرهەم ساڵح لە هەناوی یەكێتی كەوتووەتە خوارەوەو هیواخوازیشە بڕواتەوە ناو هەناوی یەكێتی".


ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە پرسی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بۆ نێو ریزەكانی یەكێتیی نیشمانیی كوردستان لە میدیاكان باسی دەكرێت، بە تایبەتیش وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەلایەن بەرهەم ساڵح وەكو كاندیدی یەكێتی، بەڵام تائێستا گەڕانەوەی ناوبراو بۆ نێو یەكێتی بە فەرمی نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەرهەم ساڵح سەرەتای ئەمساڵ بە فەرمی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری راگەیاند و لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقیش دوو كورسی بەدەستهێنا، بەڵام پێش دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان بەرهەم ساڵح رایگەیاند :لەبەرئەوەی تۆماری دەنگدەران ناوی ساختە و دووبارەی تێدایە، بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەن.

بەرهەم ساڵح دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق سەرەتا لەگەڵ گۆڕان، یەكگرتوو و كۆمەڵێ‌ ئیسلامی ئەنجامەكانیان رەتكردەوە و بەرەیەكی ناڕازییان دروستكرد، بەڵام ئێستا بەرپرسانی ئەو سێ حیزبە بۆچوونی جیاوازیان سەبارەت بە نزیكبوونەوەی یەكێتی و هاوپەیمانی هەیە.

عومەر حاجی عینایەت، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: نزیكبوونەوەی یەكێتی و هاوپەیمانی كارێكی ئاساییە، بەڵام گەڕانەوەی د. بەرهەم و حزبەكەی بۆ نێو یەكێتی، كەسایەتی ناوبراو دەهاڕێت، جگە لەوەش چۆن د. بەرهەم ساڵح وەڵامی ئەو كەسایەتییانەی لایەنەكانی دیكەش دەداتەوە كە چوونەتە نێو هاوپەیمانییەكەی؟

ناوبراو بەدووریزانی دوای گەڕانەوەی بەرهەم ساڵحیش بۆ نێو یەكێـتی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی پێبدرێت و وتی: "پێموایە ئەگەر بەرهەم ساڵح بڕواتەوە نێو یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی پێنادەن، بەڵكو مەبەستیان ئەوەیە بەرهەم ساڵح لەبەرچاوی خەڵك بخەن".

د. موسەننا ئەمین، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: ئامانجی نزیكبوونەوەی یەكێتی و هاوپەیمانی بۆ رازیكردنی یەكێتییە سەبارەت بە كاندیدكردنی د. بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە ئەوانیش وەكو یەكگرتوو پێیانباشە د. بەرهەم كاندید بێت بۆ ئەو پۆستە، هەروەها پێیوایە لەلایەن یەكێتیشەوە ئەو نزیكبوونەوەیە بۆ بەهێزكردنەوەی یەكێتی و هێنانەوەی د. بەرهەمە بۆ نێو حزبەكەیان كە ئەوەش مافی خۆیانە و ئازادن چی دەكەن.

دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بەهۆی ناڕازیبوونیان لە ئەنجامی دەنگەكانیان لێكنزیكبوون و چەندین كۆبوونەوەیان بۆ یەكدەنگیی ئەنجامدا.

سەبارەت بەوەی ئەوان پێشتر وەكو بەرەیەك بوون، ئایا پێشبینی نزیكبوونەوەی یەكێتی و هاوپەیمانییان دەكرد؟، د. موسەننا ئەمین دەڵێت: "ئێمە بەرە نەبووین، بەڵكو چوار حزب بووین لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق غەدرمان لێكرا و دەبوو كاری هاوبەش بكەین، جگە لەوە پێشتریش ئێمە و گۆڕان و كۆمەڵ ئۆپۆزسیۆن بووین و دواتریش پێكەوە چووینە حكومەت، بۆیە ئاسایی بوو لێكنزیكبووین".

هەمانكات مەروان گەڵاڵی، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: نزیكبوونەوەی ئەو دوو حزبە بۆ تەبایی و كۆتاییهێنان بە پەرتەوازەیی سیاسیی بە باش دەزانن، هیواخوازن حزبە عەلمانییەكان لە حزبێكدا و حزبە ئیسلامییەكانیش لە حزبێكدا كۆببنەوە، پاشان كێبڕكێ بۆ خزمەتی خەڵك بكەن و بەوەش وڵات پێشدەكەوێت.

ناوبراو وتی: "د. بەرهەم لەنێو یەكێتی ون نابێت و مەودای كاری سیاسیشی فراوانتر دەبێت".

گەڵاڵی روونیكردەوە: د. بەرهەم زیانی بە خۆی و برادەرەكانیشی گەیاند كە هاوپەیمانی راگەیاند، چونكە حزبمان زۆرە، بەڵام كەسایەتی ئیداریمان كەمە، بۆیە د. بەرهەم دەتوانێت لەڕووی ئیدارییەوە خزمەت بكات.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure