كڕین و فرۆشتنى موڵك كه‌مبووته‌وه‌و خواستى خانووى كرێ زیادیکردووە

هەواڵ / ئابوری :: 17/09/2018‌ :: 1138‌ جار بینراوە

دوادۆژ، زریان محەمەد
مامه‌ڵه‌ى كڕین و فرۆشتنى خانوو و زەوی بەشێوەیەکی بەرچاو سست و لاواز بوو و مامەڵەکارانیش ھۆکارەکەی بۆ دەگەڕێننەوە بۆ ناسەقامگیری دارایی ھەرێم.


ئاکۆ ڕەحمان، مامەڵەکاری خانوو زەوی لەشاری سلێمانی بە دواڕۆژی وت: "جوڵەی مامه‌ڵه‌ى خانوو و زەوی زۆر كه‌مبووه‌ته‌وه‌ و ھاووڵاتیان زۆر بەکەمیی پرسیار لە نرخ و مامه‌ڵه‌ى خانوو و زەوی ده‌پرسن، لەئێستادا زۆر گرنگی نادرێت بەکڕینی موڵک لەلایەن ھاووڵاتیانەوە، چونکە لە ئێستادا بۆچونیان وایە، خەرجکردنی پارە دەستکەوتنەوەی قورسە".

وتیشی "ھەندێک زەوی ھەیە کە بەردەوام خواستی لەسەرە، ئەویش بەھۆی کەمی نرخی زەویەکەیە، ھەندێک لە ھاووڵاتیانیش ئەو نرخەیان پێ ھەڵئەسوڕێت و مامەڵەی پێوەدەکەن، بەڵام مامەڵەی زەوی بازرگانیی زۆر كه‌مبووه‌ته‌وه‌، وەستاوە و کەس نایكڕێت".

شوان رەحیم، مامەڵەکاری دیكه‌ى خانوو و زەوی لە ناوچەی بازیان بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "لەئێستادا بازاڕمان وەستاوە، ھاووڵاتیان نە زەوی نە خانوو ناکڕن، بەو ھۆیەشەوە ھەفتانە یەک مامەڵە دەکەین یان ئەوەش نابێت، ھەربۆیە ھاووڵاتیان لەترسی بارودۆخى دارایی و ئابوری ھەرێم ناوێرن پارە بدەن بە موڵک و ماڵ".

هاوكات له‌ كه‌مبوونه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌ى مڵك و خانوو و زه‌وى، خانوی کرێ داواكاری زۆری لەسەرە، ھاووڵاتیان پرسیارى خانوی کرێ ده‌كه‌ن، نرخەکەشی بە بەراورد بە پارساڵ لەنیوە دابەزیوە.

ڕێبین ڕەشید، ماوەی حەو ساڵە لەمامەڵەی خانوو و زەوی كاردەکات و دەڵێت: "خانووی کرێ بازاڕی باشترەو خواستی زۆر لەسەرە، لەگەڵ ئەو خواستەی كه‌ هه‌یه‌  نرخی دابەزیوە بە جۆرێک پار ساڵ نرخی خانویەک ئه‌گەر ٥٠٠ ھەزار بووبێت، لە ئێستادا ٢٠٠ ھەزاره‌، نرخی شوقەی کرێ پارساڵ ٦٠٠ ھەزار دینار بووبێت ئەمساڵ بووە بە ٢٥٠ ھەزار، ئەمەش بەھۆی گەڕانەوەی بەردەوامی ھاووڵاتیانی شارەکانی خوارووی عێراق".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure