ئۆفیسى پارێزگاكانى كۆمسیۆن ناتوانن سزاى قه‌وارە و كاندیدان بده‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 17/09/2018‌ :: 532‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
تائێستا كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنى هه‌رێم سزاى دارایى ئه‌و قه‌واره‌ و كاندیدانه‌ى وه‌رنه‌گرتووه‌ كه‌ به‌هۆى سه‌رپێچى له‌ رێنماییه‌كانى كۆمسیۆن بڕیارى لێدراوه‌، به‌رپرسى ئۆفیسى هه‌ولێرى كۆمیسیۆنیش ده‌ڵێت: "سزادانى كاندیدان و قه‌واره‌كان له‌ده‌سه‌ڵاتى ئۆفیسى نیشتمانی كۆمیسیۆندایه‌".

به‌هۆى سه‌رپێچى له‌ رێنماییه‌كانى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن، كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و راپرسى هه‌رێم به‌ بڕى 20 ملیۆن و 500 هه‌زار دینار سزاى 7 قه‌واره‌ و دوو كاندیدى هه‌ڵبژاردنی داوه‌، له‌وانه‌ "دوو قه‌واره‌ى توركمانى، قه‌واره‌یه‌كى كلدان سریان ئاشوور، كاندیدێكى پارتى، كاندیدێكى ئه‌رمه‌ن، قه‌واره‌كانى پارتى، یه‌كێتى، نه‌وه‌ى نوێ و قه‌واره‌ى به‌ره‌و ئیسڵاح".

له‌باره‌ى شێوازى وه‌رگرتنى پاره‌كه‌ زه‌رده‌شت حه‌سه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌رى كارگێڕى و دارایى كۆمسیۆن به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران بڕیارى سزادانه‌كه‌ى داوه‌، به‌ڵام هێشتا فه‌رمانى كارگێڕى بۆ وه‌رگرتنى پاره‌كه‌ ده‌رنه‌چووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ى پاره‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ پاش هه‌ڵبژاردن و له‌و پاره‌یه‌ وه‌رده‌گیرێت كه‌ قه‌واره‌كان وه‌كو بارمته‌ له‌لای كۆمسیۆن دایانناوه‌.

وتیشى: "ئه‌و پاره‌یه‌ى له‌ كاندیدان و قه‌واره‌كان وه‌رده‌گیرێت، ده‌چێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ى حكومه‌ت و كۆمسیۆن ناتوانێت به‌كاریبێنێت".

هاوكات ئارام نەجمه‌دین، به‌ڕێوه‌به‌رى ئۆفیسى هه‌ولێرى كۆمسیۆن به‌ دواڕۆژى وت: "له‌ هه‌ندێك شوێنى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر كاندیدان و قه‌واره‌كان سه‌رپێچیان له‌ رێنماییه‌كانى كۆمسیۆن كردووه‌، به‌ڵام سزادانیان له‌ده‌سه‌ڵاتى ئۆفیسى نیشتمانى كۆمیسیۆندایه‌، بۆیه‌ سه‌رجه‌م سه‌رپێچى پارێزگاكان بۆ ئۆفیسى نیشتمانى به‌رزده‌كرێته‌وه‌".

بۆ هه‌ڵبژاردنى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان كه‌ له‌ 30ى ئه‌یلول ئه‌نجامده‌درێت، 29 قه‌واره‌ سێ هاوپه‌یمانى و 773 كاندید له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌ تۆماركراون.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure