تیمێك ده‌ستگیركران كه‌ ده‌رمان و شیری منداڵانی به‌سه‌رچوویان داوه‌ته‌ هاوڵاتیان

هەواڵ / کوردستان :: 17/09/2018‌ :: 1249‌ جار بینراوە

دواڕۆژ ، محه‌مه‌د مسته‌فا
تیمێكی پزیشكی بیانی له‌ سنوری قه‌زای پشده‌ر له‌ ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین ده‌رمان و شیری منداڵانی به‌سه‌رچوو ده‌ده‌ن به‌ هاوڵاتیان و به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی ته‌ندروستی ڕاپه‌ڕینیش ده‌ڵێت " هێزه‌كانی ئاسایش ئه‌و تیمه‌ بیانیه‌یان ده‌ستگیر كردووه‌" .

ته‌ها محه‌مه‌د به‌رپرسی راگه‌یاندنی ته‌ندروستی ڕاپه‌ڕین به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند" دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ تیمێكی پزیشكی بیانی سه‌ردانی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی قه‌زای پشده‌ریان كردووه‌ و پشكنینیان بۆ هاوڵاتیان كردووه‌ و چه‌ندین ده‌رمان و شیری منداڵانیان به‌سه‌ر هاوڵاتیان دابه‌شكردووه‌" .

وتیشی"دواتر ده‌ركه‌وتووه‌ به‌شێك له‌و ده‌رمان و شیره‌ی ئه‌و تیمه‌ دابه‌شی كردووه‌ به‌سه‌ر هاوڵاتیان به‌رواری به‌كارهێنانیان به‌سه‌رچووه‌ و دوای لێكۆڵینه‌وه‌ی تیمێكی ته‌ندروستی ڕاپه‌ڕینیش بۆ ده‌رمان و شیری منداڵانی ئه‌و تیمه‌ هه‌مان شت پشتڕاست كراوه‌ته‌وه‌".

باسی له‌وه‌شكرد له‌ ئێستادا ئه‌و تیمه‌ بیانیه‌ له‌ لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی وردیش له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ .

هاوكات محه‌مه‌د فازیڵ وته‌بێژی ئاسایشی ڕاپه‌ڕین به‌ دواڕۆژی وت"به‌گوێره‌ی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ئه‌و تیمه‌ پێكهاتوون له‌ كه‌سانی به‌ڕه‌گه‌ز سویدی و مسیڕی، دوای ده‌ستگیركردنیان له‌ ئێستادا ڕاده‌ستی پۆلیسی ڕاپه‌ڕین كراون".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure