خۆپیشاندان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌نجامدرا

هەواڵ / کوردستان :: 17/09/2018‌ :: 1884‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
له‌ به‌رامبه‌ر خه‌رجنه‌كردنى پاره‌ى گه‌نمه‌كانیان نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 17ى ئه‌یلول ژماره‌یه‌ك له‌ جوتیارانى سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و قه‌زاى سه‌یدسادق ده‌ستیان به‌ خۆپیشاندانى ناڕه‌زایه‌تى كردوو به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ ڕێگاى سه‌ره‌كى پێنجوێن – سه‌یدسادقییان داخست و داواى خه‌رجكردنى بڕى 12 ملیار و 500 ملیۆن دینارى شایسته‌ى دارایی پاره‌ى گه‌نمه‌كانیان ده‌كه‌ن .

عه‌بدوڵا عه‌لى، نوێنه‌رى جوتیارانى سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌یدسادق و به‌شدار له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند" بڕیار بوو ئه‌مڕۆ له‌ سایلۆى سه‌یدسادق ده‌ستبكرێت به‌ دابه‌شكردنى ئه‌و پاره‌یه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى بازرگانى عێراقه‌وه‌ نێردراوه‌ بۆ جوتیارانى سنورى پارێزگاى سلێمانى و ئیداره‌ى گه‌رمیان كه‌ به‌ هه‌وڵێكى زۆرى خۆمان توانیمان چه‌كى پاره‌كه‌ بهێنینه‌وه‌ بۆ بانكه‌كانى سلێمانى ، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌ فه‌رمانێكى  عه‌لى سندى وه‌زیرى بازرگانى هه‌رێم به‌ وه‌كاله‌ت دابه‌شكردنى پاره‌كه‌ى ئێمه‌ى راگرتووه‌".


وتیشى" بڕى ئه‌و پاره‌یه‌ى كه‌ بۆ جوتیارانى سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌یدسادق ته‌رخانكراوه‌ بڕى 12 ملیار و 500 ملیۆن دیناره‌ و ئێستا پاره‌كه‌ له‌ بانكى سه‌یدسادقه‌، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى پاره‌ى جوتیارانى سایلۆكانى هه‌ولێر و دهۆك خه‌رج نه‌كراوه‌ ، بڕیار دراوه‌ كه‌ پاره‌ى ئێمه‌ش خه‌رج نه‌كرێت، بۆیه‌ ئه‌مه‌ جێگاى قبوڵكردنى ئێمه‌ نییه‌".


دواڕۆژ بۆ وه‌رگرتنى بۆچوونى به‌رپرسانى بانكى سه‌یدسادق و سایلۆى سه‌یدسادق په‌یوه‌ندى به‌و دوو لایه‌نه‌وه‌ كرد به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بوون هیچ لێدوانێك بده‌ن .



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure