كاندیدى کۆمەڵى ئیسلامى بۆ پۆستی سەرکۆمار ئاشكرا بوو

هەواڵ / عێراق :: 17/09/2018‌ :: 3276‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
ئه‌ندامێكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌ په‌رله‌مانى عێراق ئاشكرایده‌كات: كه‌ خۆى كاندید ده‌كات بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار، ده‌شڵێت: "به‌ربه‌ست بۆ كاندیدى یه‌كێتى و پارتى دروست ده‌كه‌ین".

سه‌لیم شوشكه‌یى، ئه‌ندامى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌ په‌رله‌مانى  عێراق، به‌ دواڕۆژى وت "له‌ناوخۆى كۆمه‌ڵ پێیان باشه‌ سیڤییه‌كه‌م پێشكه‌ش بكه‌م بۆ پۆستى سه‌رۆكى كۆمار".

وتیشى: "بۆ هه‌ر پۆستێك كه‌ پارتى و یه‌كێتى كاندیدیان هه‌بێت ئێمه‌ش كاندیدمان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ نه‌كه‌ن و حساب بۆ چۆنیه‌تى ده‌نگه‌كانى ئێمه‌ نه‌كه‌ن و وه‌كو له‌ رابردوو نه‌یانكردووه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ بۆ هه‌ر پۆستێك كاندیدیان هه‌بێت ئێمه‌ش ده‌مانبێت".

سه‌لیم شوشكه‌یى، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: "پێمانوایه‌ یه‌كێتى و پارتى به‌ كه‌یفى خۆیان ئه‌و پۆستانه‌یان له‌ نێوان خۆیان دابه‌شكردووه‌ و هیچ كاتێك نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ لایه‌نه‌ براوه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان".

باسى له‌وه‌شكرد: "هه‌ر پۆستێك ئه‌وان خۆیان به‌ شایسته‌ بزانن بۆى، بۆ ئه‌وه‌ى پۆستێكى هه‌ستیارى تێدا وه‌رگرن، جه‌ماوه‌رى ئێمه‌ش چاوى له‌وه‌یه‌ پۆستێكى هه‌ستیارمان هه‌بێت".


جه‌ختیشى كرده‌وه‌: "به‌دڵنیاییه‌وه‌ ناتوانن پۆستى سه‌رۆك كۆمار به‌ده‌ستبهێنن ئه‌گه‌ر ئێمه‌ كاندیدمان هه‌بێت، چونكه‌ به‌ربه‌ستیان بۆ دروست ده‌بێت و ئه‌وكاته‌ زۆرینه‌ى لایه‌نه‌كان كاندیدیان ده‌بێت و هیچ لایه‌نێك ناتوانێت زۆرینه‌ى ره‌ها به‌ده‌ستبهێنێت، بۆیه‌ ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ لاى ئێمه‌ بۆ رێككه‌وتن".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure