وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ دانده‌نێت به‌ بڕوانامه‌ى ده‌رچووانى كۆلێژێكدا

هەواڵ / کوردستان :: 17/09/2018‌ :: 1352‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى هه‌رێم دانده‌نێت به‌ بڕوانامه‌ى ده‌رچووانى كۆلێژى "په‌روه‌رده‌ى كراوه‌"و داوا له‌ ده‌چووانى كۆلێژه‌كه‌ ده‌كات مامه‌ڵه‌كانیان پێشكه‌شى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى پارێزگاكان بكه‌ن بۆئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ هاوتاكردنى بڕوانامه‌كانیان، مووچه‌كانیان زیاد بێت.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 17ى ئه‌یلولی 2018، وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى هه‌رێم له‌ راگه‌یەنراوێكدا مژدە به‌ دەرچووانى کۆلێژى "پەروەردەی کراوە" دەدات: كه‌ له‌مه‌ودوا دانده‌نێت به‌ بڕوانامه‌كانیان و مووچه‌كانیشیان زیادده‌كات.

وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌: دواى جەختکردنەوەى وەزارەتى پەروەردە لەسەر فەرمانى دەرچووانى "کۆلێژى پەروەردەی کراوە"، توانرا رەزامەندى هەژمارکردنى بڕوانامەی دەرچووانى ئەم کۆلێژە بە دەستبهێنرێت و ددان بە بڕوانامەکانیاندا بنرێت کە لەڕووى زانستییەوە باوەڕپێکراوە".

وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌، راشیگه‌یاندووه‌: بەپێى بڕگەى (3) کە لە دەسەڵاتى وەزارەتى پەروەردەیە لە هاوتاکردنى بڕوانامەکان هاوشێوەى پیشەیى، پێویستە بەڕێوەبەرى گشتی پەروەردەی پارێزگاکان و بەڕێوەبەرایەتى خوێندنى کوردى لە کەرکوک، دەرچووانى ئەم کۆلێژە ئاگادار بکەنەوە کە ئەم بەڵگانە پێشکەش بکەن لەگەڵ داواکانیان:

1. داواکارى رەسمى
2. وێنەیەک لە بڕوانامەى کۆلێژى ئاماژەپێکراو
3. پشتگیرى بەردەوامبوون لە خزمەتى کارى مامۆستایى
4. پووختەى راژەکە بە وردى پڕ بکرێتەوە

كۆلێژى "په‌روه‌رده‌ى كراوه‌"، راسته‌وخۆ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى عێراقه‌ و له‌ئێستادا هه‌ردوو وه‌زاره‌تى په‌روره‌ده‌ و خوێندنى باڵاى هه‌رێم دانیان به‌ بڕوانامه‌كانیدا ناوه‌ و بڕوانامه‌كانیان هاوتاى كۆلێژه‌كانى ترى هه‌رێم ده‌كرێت به‌مه‌ش مووچه‌ى ده‌رچووانیان زیادده‌كرێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure