دوامۆڵه‌ت بۆ خۆكاندیدكردنى پۆستى سه‌رۆك كۆمار دیاریکرا

هەواڵ / عێراق :: 17/09/2018‌ :: 1665‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
دواى ئه‌وه‌ى دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 16ى ئه‌یلول، پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق كۆتاییهات، سبه‌ی سێشه‌ممه‌ كۆتا رۆژه‌ بۆ پێشكه‌شكردنى داواى خۆكاندیدكردن بۆ پۆستى سه‌ركۆمارى عێراق.

عه‌لى مه‌هدى، په‌رله‌مانتارى سائیرون له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌پێى چوارچێوه‌ ده‌ستورییه‌كان، دواى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان، ده‌رفه‌تى خۆكاندیدكردن بۆ پۆستى سه‌ركۆمار ده‌كرێته‌وه‌.

وتیشى: "دوێنى سه‌رۆكى هه‌ڵبژێردراوى نوێى په‌رله‌مان ده‌رگاى خۆكاندیدكردنى كرده‌وه‌، ماوه‌كه‌شى سێ رۆژه‌، سبەی سێشه‌ممه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ كۆتایى پێدێت.

روونیشیكرده‌وه‌: به‌پێى ده‌ستور هه‌موو كه‌سێكى عێراقى، ته‌نانه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مانیش بۆى هه‌یه‌ خۆى كاندید بكات، به‌ومه‌رجه‌ى مه‌رجه‌ ده‌ستوورییه‌كانى تیادابێت كه‌ بریتین له‌وه‌ى، عێراقى بێـت له‌ دایك و باوكێكى عێراق، ئه‌هلییه‌تى ئه‌وه‌ى هه‌بێت و ته‌مه‌نى سه‌رووى چل ساڵ بێت، خاوه‌نى ناوبانگى باش بێت و ئه‌زمونى سیاسى شایه‌تى بێت  بۆ ده‌ستپاكى، دادپه‌روه‌رى و دڵسۆزى بۆ نیشتمان، مه‌حكوم نه‌بێت به‌ تاوانى ناپاكى، هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆس یان سه‌رووتربێت".

محه‌مه‌د حه‌لبوسى، سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق لە خولى چواره‌مدا، دواى وه‌رگرتنى پۆسى سه‌رۆكایه‌تى له‌ وته‌یه‌كدا له‌ناو هۆڵى دانیشتنى په‌رله‌ماندا وتى: "ده‌رگاى خۆكاندیدكردن بۆ پۆستى سه‌رۆكى كۆمار له‌ رێگه‌ى پێگه‌ى ئینته‌رنێتى په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌، دواتر سه‌رۆكى په‌رله‌مان دانیشتنه‌كه‌ى بۆ رۆژى 25ی ئەیلول هه‌ڵگرت".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure