پارتی هه‌ڵوێستى خۆى له‌باره‌ى پۆستی سه‌ركۆمار و رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتى راگه‌یاند

هەواڵ / کوردستان :: 16/09/2018‌ :: 3341‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: تا ئه‌م ساته‌ش هیچ رێككه‌وتنێكمان له‌گه‌ڵ یه‌كیتی نیشتیمانی كوردستان نیه‌ له‌باری پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق، چونكه‌ ئه‌و پۆسته‌ به‌ مافی خۆمان ده‌زانین و ئێمه‌ كاندیدمان ده‌بێت.

مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئێمه‌ وه‌ك پارتی به‌فه‌رمی به‌ هه‌موو لایه‌ك و به‌تایبه‌تیش به‌ یه‌كێتیمان راگه‌یاندووه‌، كه‌ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق به‌مافی خۆمان ده‌زانین و ئیستحقاقی ئێمه‌یه‌ به‌پێی بردنه‌وه‌مان له‌هه‌ڵبژاردن و ژماره‌ی كورسییه‌كانمان له‌ په‌رله‌مانی عێراق و به‌تایبه‌تیش له‌هه‌رێمی كوردستان.

مه‌حمود محه‌مه‌د ده‌شڵێت: "ئه‌و پۆسته‌ هی كورده‌ له‌ناو كوردیشدا هی پارتیه‌، چونكه‌ له‌ماوه‌ی سێ خولی رابردوودا ئه‌و پۆسته‌ لای یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بووه‌، با چوار ساڵی داهاتوو بۆ پارتی بێت به‌هه‌موو پێوەرێكیش هی ئێمه‌یه‌ و كاندیدیشمان ده‌بێت بۆ ئه‌و پۆسته‌، پێویسته‌ سه‌ركردایه‌تی پارتی كاندیدی خۆی بۆ ئه‌و پۆسته‌ دیاریبكات".

له‌باره‌ی رێككه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌كێتی سه‌باره‌ت به‌ پۆستى سه‌ركۆمار، مه‌حمود محه‌مه‌د بۆ دواڕۆژ، وتی: "هیچ رێككه‌وتنێكی فه‌رمی له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق له‌نێوان یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا نیه‌، بۆیه‌ كاندیدمان ده‌بێت بۆ پۆستی سه‌ركۆماری عێراق ".







created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure