ژنه‌ كوردێك بۆ سێیه‌مجار وه‌ك په‌رله‌مانتاری سوید هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 16/09/2018‌ :: 481‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
ئامینه‌ كاكه‌ باوه‌، ژنه‌ كاندیدی كوردی پارتی چه‌پی سویدی توانی له‌ بازنه‌ی شارى ستۆكهۆڵم بۆ جاری سێهه‌م ببێته‌وه‌ به‌ په‌رله‌مانتاری سوید.


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ ۱٦ ئه‌یلول، ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی سوید راگه‌یاندرا و تیایدا ئامینه‌ كاكه‌ باوه‌ توانى زیاتر له‌ %5 ده‌نگه‌كانی پارتی چه‌پ له‌ سنورى ستوكهۆلم و سێ هه‌زار ٦٠٠ ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنێت و ببێت به‌ دووه‌م زۆرترین ده‌نگ له‌دوای سه‌رۆكی پارتی چه‌پی سویدی.

ئامینه‌ كاكه‌ باوه‌ به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: توانیم بۆ جاری سێیه‌م سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنم و ببم به‌ په‌رله‌مانتاری سوید له‌سه‌ر لیستی پارتی چه‌پی سویدی.

وتیشی: "سوپاسی ره‌وه‌ندی كوردی ده‌كه‌م له‌ سوید كه‌ متمانه‌یان به‌من به‌خشی بۆ جارێكی تر، ئومێد ده‌كه‌م له‌خزمه‌ت متمانه‌ی ئه‌وان بم و كاری زیاتر بكه‌م به‌بێ جیاوازی".

ئامینه‌ كاكه‌ باوه‌ له‌ شارى سه‌قزی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایك بووه‌، له‌ ساڵی 1992 وه‌ له‌ وڵاتى سوید ده‌ژی ‌و ماسته‌ری هه‌یه‌ له‌ توێژینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، 17 ساڵه‌ له‌ناو پارتی چه‌پی سوید كارده‌كات ، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ساڵی ۲٠۱٠ بووه‌ به‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید و  ساڵی ۲٠۱٤ كورسییه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی خۆی پاراست و ئه‌مساڵیش بۆ جارى سێهه‌م  وه‌ك په‌ر له‌مانتار هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌ .

پێشتریش جه‌بار ئه‌مین په‌رله‌مانتارى سوید ده‌رچوونى چوار كاندیدى ترى كوردى راگه‌یاند له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ى سوید-دا.

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure