دواڕۆژ زانیاری ورد لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار لەنێوان یەكێـتی و پارتی و هاوپەیمانی ئاشكرا دەكات

هەواڵ / کوردستان :: 16/09/2018‌ :: 3264‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كەمال
ئەندامێكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە نەیویست لەبەر هەستیاریی دۆخەكە ناوی ئاشكرا بكرێت، تایبەت بە دواڕۆژی وت "تائێستا پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ بەرهەم ساڵح یەكلایی نەبۆتەوە و گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتی و لەناو خودی یەكێتیش هەیە".

 
وتیشی "لەناو یەكێتی كەسانی ناڕازی هەن بەرهەم ساڵح بكرێت بە كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ناڕازییەكانیش زیاتر شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و مەلا بەختیار و نزیكەكانیانن، چونكە خۆیان كاندیدیان هەیە، پارتیش بە روونی ناڕازییە بە كاندید بوونی بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە و خۆی یەكلایی كردۆتەوە".
 
سەرچاوەكە، باسی لەوەشكرد "پارتی بەرەو ئەوە رۆشتووە پشتگیری مەلا بەختیار دەكات ئەگەر كاندید بێت لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ پارتی، بەڵام ئەگەر لەناو یەكێتی مەلا بەختیار كاندید نەكەن، ئەوا خۆیان فازڵ میرانی كاندید دەكەن و ئەو پۆستە دەخەنە دەنگدانەوە".
 
ئەوەشی خستەڕوو "تا ئێستا لەناو یەكێتی یەكلایی نەبۆتەوە كە بەرهەم ساڵح تاكە كاندیدی خۆیان بێت، بڕیارە ئەمڕۆ و سبەینێ‌ یەكلایی بكەنەوە لەناو خۆیان، نا روونییەكیش لە گفتوگۆكان هەیە و ئێمەش وەكو ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی هاوپەیمانی ئەو وەفدەی پێكمانهێنابوو بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ یەكێتی بۆ رێكخستن و رێككەوتنێكی سیاسی لە زۆنی سەوز، زۆر شت هەیە رەنگە بە روونیی ئێمەش نەیزانین، چونكە یەكێتی هێشتا بە رەسمی یەكلانەبۆتەوە".
 
ئاماژەی بەوەشدا "بەرهەم ساڵح بەردەوام لەناو هاوپەیمانی تەئكید دەكاتەوە، كە ئێمە بۆ رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ یەكێتی لە گفتوگۆداین بەشێكی سەرەكی ئەو رێككەوتنە پۆستی سەرۆك كۆمارە، لەناو یەكێتی خەڵك هەیە پێی خۆشە ئەو پۆستە بدرێتە بەرهەم ساڵح، بەڵام خەڵكیش هەیە ناڕازییە".
 
ئەو سەرچاوەیە، هێمای بۆ ئەوەشكرد "كۆسرەت رەسوڵ و بافڵ تاڵەبانی پاڵپشتی بەرهەم ساڵح دەكەن، بەڵام لە بەرامبەردا كەسانێكیش هەن مەرجی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی ئەوەیە بەڵێن بدات كە یەكێتییە و كاندیدی ئەوانە لەگەڵ هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیشیان پێشنیاز كردووە".
 
جەختیشی كردەوە "ئێران و ئەمریكا و زۆرێك لە وڵاتان هانی بەرهەم ساڵحیان داوە خۆی هەڵبژێرێت، بەڵام ئەوان دەستوەردانە ئەو پرسە وەكو بابەتێكی عێراقی و ناوخۆیی سەیر دەكەن، ئێرانییەكانیش پێیانباشە بەرهەم ساڵح لە رێگەی یەكێتییەوە ئەو پۆستە وەربگرێت، چونكە دەزانن ئەگەر وانەبێت گرفتی تریان بۆ دروست دەكات".
 
دووپاتیشی كردەوە "رێككەوتنی هاوپەیمانی پەیوەستە بە پۆستی سەرۆك كۆمار و ئەگەر لەو بابەتە هەردوولا نەگەنە ئەنجام رەنگە ئەو رێككەوتنە نەیەتە بوون".
 
سەرچاوەكە، باسی لەوەشكرد "هەوڵێك هەبوو بۆ رێككەوتنی سێ‌ لایەنەی (یەكێتی، گۆڕان، هاوپەیمانی)، بەڵام گۆڕان بەهۆی هەڵبژاردنەوە پرسی رێككەوتنەكەی دواخست بۆ دوای هەڵبژاردن، هەوڵیش هەیە بۆ یەكگرتنی یەكێتی و هاوپەیمانی، بەڵام بەرهەم ساڵح دەڵێت رێككەوتنی سیاسی دەكەین نەك یەكگرتن و توانەوەی هاوپەیمانی".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure