دەزگای هەڵبژاردنی پارتی له‌باره‌ى ساخته‌كاریی په‌یامێك راده‌گه‌یه‌نێت

هەواڵ / کوردستان :: 17/09/2018‌ :: 722‌ جار بینراوە

تاگ :: پارتی

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی، رایدەگەیەنێت: هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە، ئەوانەی گومان دەخەنە سەر هەڵبژاردنەکان با خۆیان بە وردیی چاودێری هەڵبژاردن بکەن، ده‌ڵێت "داوامان وایە هەمووان بەیەکەوە هەوڵبدەین بۆ رێگری لە هەر ساختەکارییەک".

خەسرەو گۆران، به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: چەند لایەنێک رەخنە و گلەییان لە کۆمسیۆن هەیە سەبارەت بە ناشەفافی لە تۆماری دەنگدەران، بەڵام هۆکار نەبوو تا هەڵبژاردن دوابخرێت، ئێمە وەک پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنێکی سەد لەسەد پاک و بێ ساختەکاریین".

وتیشی :"بۆ ئەوەی ئەو گومانە برەوێتەوە، ئێمە پێمانباشە‌ هه‌موو لایه‌نەکان و رێکخراوەکانیان چاودێر و نوێنەریان هه‌بێت له‌ بنكه‌كانی ده‌نگدان و چاودێریی وردی پرۆسەکە‌ به‌ شێوه‌یه‌كی هۆشیارانه‌ بكەن، بۆ ئەوەی هەمووان لە پرۆسەکە دڵنیابن و دواتر قسەی تر نەکرێت".

گۆران ده‌ڵێت "بەداخەوە چەند لایەنێک گومان دروستدەکەن، بەڵام له‌ هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ‌ساخته‌كاریی ئەستەمە بكرێت، چونكه‌ تۆماری ده‌نگده‌ران پاك كراوه‌ته‌وه‌ و هه‌موو لایه‌نێك چاودێری هه‌یه‌ له‌ بنكه‌كانی ده‌نگدان".

رونیشیکردەوە: جگە لەوەی نوێنەری گشت لایەنەکانی هه‌یه‌و کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسیش بەتەنیا له‌ ده‌ستی پارتی نییە بە ئاره‌زووی خۆی مامەڵەی لەگەڵ بکات، نوێنەری پێنج حیزبیشی بە سەرەکی تێدایە، جگە لە لایەنەکانی تر کە لە کۆمسیۆن کارمەند و بەرپرسیارییان هەیە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure