دواڕۆژ ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی ئاشکرادەکات

هەواڵ / کوردستان :: 15/09/2018‌ :: 9387‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
بەرپرسێکی باڵای یەکێتی رایدەگەیەنێت، ئێستا یەکێتی و پارتی لەشاری هەولێر لە کۆبوونەوەدان و بەفەرمی سەرجەم پۆستەکانی بەغدا یەکلادەکەنەوە و دوای کۆبوونەوەکەش رای فەرمی لەسەر سەرجەم پۆستەکان دەخەنەروو.

لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمشەوی شاندی یەکێتی و پارتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لەشاری هەولێر، سەعدی پیرە وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: لەدوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەکێتی لە سڵیمانی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی عێراق و پۆستەكان، بڕیاردراوە ئەو دەستەیەی کە لە کۆبوونەوەی رابردووی یەکێتی و پارتی پێکهات تایبەت بە پرسی پۆستەكانی بەغدا، ئەمشەو کۆدەبێتەوە و پرسی پۆستەکان و لەناویشیاندا پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلادەکەنەوە.

لەبارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەی دوابڕیار لەبارەی ئەو پرسانە، سەرچاویەکی تایبەت لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەهەولێر تایبەت بۆ دواڕۆژ وتی: "کۆبوونەوەکە کاتژمێر 6:30 ئیوارە دەستیپێکرد و شاندێکی باڵای مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کە پێکهاتوون لە شەش کەس لەباری سەرجەم پۆستەکان لە بەغدا گفتوگۆ دەکەن و بڕیاری کۆتایی دەدەن".

ئەو سەرچاوەیەوە وتیشی: "ئەمشەو بەفەرمی یەکلادەبێتەوە یەکێتی و پارتی کێ کاندید دەکەن بۆ سەرۆکی کۆمار و وەزارەتەکان و پۆستەکانی تری حکومەتی نوێی عێراق کە بەر کورد دەکەون لە حکومەتی نوێی عێراق".

هەروەها ئەوەشی خستەروو، دوای کۆبوونەوەکە بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاودەکەنەوە و ناوەرۆک و ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئاشکرادەکەن، هەروەها سەرجەم ئەو پۆستانەش رادەگەیەنن کە بەر کورد دەکەون و وەریاندەگرێت و کاندیدەکانی پارتی و یەکێتیش بۆ ئەو پۆستانە یەکلادەبنەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی وت : "ئەو لێژنەیە هەمان ئەوەیە کە یەکێتی و پارتی پێکیانهێناوە بۆ پرسی کەرکوک و پۆستەکانی کورد لە عێراق، هەروەها سەردانیکردنی لایەنەکانی تری هەرێمی کوردستان".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure