هەڵەبجە.. بەبڕی 11 ملیار دینار پڕۆژە بەگەڕ دەخرێتەوە

هەواڵ / ئابوری :: 15/09/2018‌ :: 865‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
ئەمڕۆ شەممە 15/9/2018 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی كرد، هاوكات هەر ئەمڕۆ لەگەڵ بازرگانان و وەبەرهێنەرانی هەڵەبجە كۆدەبێتەوە و بەبڕی 11 ملیار دیناریش پڕۆژەی ڕاگیراوی هەڵەبجە وەگەر دەخاتەوە.


كوێستان ئەكرەم سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت ئەمڕۆ سەردانی هەڵەبجەی كرد و لەگەڵ ژمارەیەك لە چین و توێژە جیاوازەكانی شاری هەڵەبجە بە تایبەت بازرگانان و وەبەرهێنەران كۆبووتەوە ئەوەش بە مەبەستی زیاتر خزمەتكردنی هاوڵاتیان لە ڕووی ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە سەردانی پێشتری جێگری سەرۆكی حكومەت بڕیاریدا كە بە بڕی 11 ملیار دینار كاركردن لە چەند پڕۆژەیەكی گرنگ و پێویستی شاری هەڵەبجە دەستپێبكاتەوە، بۆیە لە ئێستادا كاركردن لەو پڕۆژانە دەستیان پێكردوەتەوە كە پێكدێن لە پڕۆژەی قیرتاوكردنی چەند گەڕەك و كۆڵانێكی هەڵەبجە و پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ و چەند پڕۆژەیەكی دیكەی خزمەتگوزاری.

هەر ئەمڕۆ لە میانەی سەردانەكەیدا قوباد تاڵەبانی ماڵی كەلتوری گەنجانی هەڵەبجەی كردەوە كە تیایدا ژمارەیەكی زۆر لەو بابەت و كاڵا و شمەكانە پارێزراون كە پەیوەستن بە كەلتوری ناوچەكەوە، هاوكات سەردانی بەشە جیاوازەكانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجەی كرد و بڕیاریشە تا ئێوارەی ئەمڕۆ درێژە بە سەردانەكەی بدات بۆ شاری هەڵەبجە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure