سێ لایه‌نی سیاسى لە هەڵەبجە کۆبوونەوە

هەواڵ / کوردستان :: 15/09/2018‌ :: 236‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ هەریەک لە بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوى ئیسلامى، له‌بارەگاى مه‌ڵبه‌ندى پێنجى یه‌كگرتوو له‌ شارى هه‌ڵه‌بجه‌ كۆبوونه‌وه‌ و له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیشدا ناوه‌ڕۆكى كۆبونه‌وه‌كه‌یان بۆ ده‌زگاكانى راگه‌یاندن خسته‌ڕوو.


دواى كۆبوونه‌وه‌كیان، حەسەن شێخ عەبدوڵا، به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى پێنجى یه‌كگرتووى ئیسلامى له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند: مه‌به‌ستێكى كۆبوونه‌وه‌كه‌مان دروستكردنى هه‌ماهه‌نگى زیاتره‌ بۆ ڕێگریكردن له‌ئه‌نجامدانى هه‌ر ساخته‌كارییه‌ك لە هەڵبژاردنەکاندا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داواى دڵنیایى ده‌كه‌ین كه‌ كۆمیسیۆن هه‌موو هه‌وڵه‌كانى بخاته‌گه‌ڕ بۆ رێگریكردن له‌ ساخته‌كاریى".  

وتیشی: "له‌ئێستادا ده‌نگۆیه‌ك هه‌یه‌ گوایه‌ هاوشێوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشوو ساخته‌كاریى ئه‌نجامده‌درێت، ئه‌مه‌ به‌شێكى بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوڵاتیان سارد بكرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدارى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن نه‌كه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌رسێ لایه‌نه‌كه‌ هه‌وڵى جدى ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ماهه‌نگی زیاتر دروستبكه‌ین، له‌ داهاتووشدا كۆبونه‌وه‌كانمان له‌سه‌ر ئاستى باڵاتر به‌رده‌وامییان ده‌بێت".  

هه‌ر له‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌دا، نزار مه‌حمود، باژێڕوانى مه‌كۆى هه‌ڵه‌بجه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو: "ئامانج له‌ به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌مان ئه‌وه‌ بوو كه‌ كه‌شێكى وه‌ها بڕه‌خسێنرێت كه‌ ده‌نگده‌ران له‌ڕۆژى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ ئازادانه‌ بچنه‌سه‌ر سندوقه‌كانى ده‌نگدان و ده‌نگى خۆیان بده‌نه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌ شیاوى ده‌زانن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هاوكارمان بن بۆ ئه‌وه‌ى زۆرترین هاوڵاتى به‌شدارى پرۆسه‌ى ده‌نگدان بكه‌ن".

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure