بۆ رێگریكردن له‌ ساختەکاری سبه‌ی چوار لایه‌نی سیاسی له‌ هه‌ولێر كۆده‌بنه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 14/09/2018‌ :: 561‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
بڕیارە رۆژی شه‌ممه‌ 15ی ئه‌یلول، هه‌ر یه‌ك له‌ گۆڕان، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ هه‌ولێر كۆببنه‌وه‌ و به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی بزوتنه‌وه‌ش ده‌ڵێت: "كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ رێگریكردن له‌ خروقات و ساختەکاری له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان". 


كه‌مال زراری، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی سێی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ هه‌ولێر به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: سبه‌ی هه‌ر چوار لایه‌نه‌كه‌ له‌ باره‌گای بزوتنه‌وه‌ كۆده‌بنه‌وه‌ و تاوتوێی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و به‌ڕیوه‌چوونی پرۆسه‌ی ده‌نگدان ده‌كه‌ن. 

وتیشی: "یه‌كێكی تر له‌ ته‌وه‌ری كۆبوونه‌كه‌ بریتی ده‌بێت له‌ دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی له‌ رۆژی ده‌نگدان بۆ ئه‌وه‌ی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان نه‌توانن خروقات و ساختەکاری ئه‌نجام بده‌ن، چونكه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ چاره‌نوسسازه‌ به‌لای هه‌موو حزبه‌كانه‌وه‌". 

كه‌مال زراری ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "به‌ڵێنیان له‌ كۆمسیۆن وه‌رگرتووه‌ كه‌ ته‌زویر ناكرێت و هه‌رلایه‌نێكیش هه‌وڵی ساختەکاری بدات رووبه‌ڕووی یاسا و بڕیاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كرێته‌وه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure