سكاڵاكه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدان له‌ ڕێگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ گه‌یه‌نرایه‌ ئه‌ڵمانیا

هەواڵ / کوردستان :: 15/09/2018‌ :: 170‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشكرایكرد، ئه‌و سكاڵایانه‌ى له‌سه‌ر كۆمپانیاكانى فرۆشتنى چه‌كى كیمیایى به‌ ڕژێمى به‌عس تۆماركراون، راده‌ستى نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ ئه‌ڵمانیا كراون، له‌م هه‌فته‌یه‌شدا راده‌ستى كۆمپانیا كان ده‌كرێت و دادگاش بڕیار له‌سه‌ر بڕى قه‌ره‌بووه‌كان ده‌دات.


لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌و سكاڵایانه‌ى كه‌ مانگى رابردوو له‌ دادگاى به‌رایى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌سه‌ر كۆمپانیاكانى فرۆشتنى چه‌كى كیمیایى به‌ڕژێمى به‌عس تۆماركران، سه‌رجه‌مییان راده‌ستى نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ ئه‌ڵمانیا كراون و له‌م هه‌فته‌یه‌شدا له‌ڕێگه‌ى نوێنه‌رى حكومه‌ته‌وه‌ راده‌ستى كۆمپانیاكانى ئه‌ڵمانیا ده‌كرێن بۆ ئه‌وه‌ى خۆیان یاخود نوێنه‌ریان له‌ دانیشتنى داهاتووى دادگا ئاماده‌بن".

وتیشی: "دادگاى به‌رایى هه‌ڵه‌بجه‌ چاوه‌ڕێى وه‌ڵامى كۆمپانیاكان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى بڕیارى پێویست بدات له‌سه‌ر كه‌یسه‌كه‌، هاوكات له‌ حاڵه‌تى ئاماده‌نه‌بوونى كۆمپانیاكان یاخود نوێنه‌رییان له‌دانیشتنى داهاتووى دادگادا، ئه‌وا دادوه‌ر ده‌توانێت به‌ شێوەى (غیاب) دادگایى كۆمپانیاكان ئه‌نجام بدات و بڕیاریى پێویست ده‌ربكات".

سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى وت: "بڕى قه‌ره‌بووه‌كان له‌ لایه‌ن دادگاوه‌ دیارى ده‌كرێن ئه‌وه‌ش به‌ له‌به‌رچاوگرتنى داهات و سه‌روه‌ت و سامانى ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى كه‌ ئێستا هه‌یانه‌، بۆیه‌ بڕیاره‌ له‌ 27/11/2018 دانیشتنى دووه‌مى دادگا له‌ شارى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێوه‌بچێت و نوێنه‌رى كه‌سوكارى شه‌هیدانیش ئاماده‌ى ئه‌و دانیشتنه‌ى دادگا بن".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure