بۆردومانی ئێران و توركیا جموجۆڵی كه‌رتی گه‌شتیاریی له‌ سیده‌كان په‌كخستوه‌

هەواڵ / کوردستان :: 16/09/2018‌ :: 201‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 
به‌هۆی به‌رده‌وامی بۆردومان و تۆپبارانی ئێران و توركیا، جموجۆجۆڵی كه‌رتی گه‌شتیاری له‌سنوری ناحیه‌ی سیده‌كان په‌كخراوه‌ و گه‌شتیاران له‌ترسی بۆردومان ناتوانن سه‌ردانی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی سنوره‌كه‌ بكه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆرانیش رایده‌گه‌یه‌نێت: بۆردومان زیانی زۆری به‌كه‌رتی گه‌شتیاری گه‌یاندووه‌. 


بارزان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران به‌دواڕۆژی وت: "به‌هۆی به‌رده‌وامی بۆردومانی فڕۆكه‌ و تۆپبارانی هه‌ردوو وڵاتی ئێران و توركیا بۆ ناوچه‌ سنوری و گوند و كوێستانه‌كانی ناحیه‌ی سیده‌كانی سه‌ر به‌قه‌زای سۆران، كه‌رتی گه‌شتوگوزار به‌ ته‌واوی له‌و سنوره‌ وه‌ستاوه‌ و هیچ گه‌شتیارێك له‌ ترسی بۆردومان ناتوانێت سه‌ردانی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان بكات". 

وتیشی: "سنوری ناحیه‌ی سیده‌كان زۆر ناوچه‌ی گه‌شتیاری خۆڕسكی دڵڕفێن و سه‌رنجڕاكێشی لێیه‌، پێش هه‌بوونی بۆردومان، جمه‌یان ده‌هات له‌ گه‌شتیار، رۆژانه‌ سه‌دان گه‌شتیار روویان ده‌كرده‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی سیده‌كان به‌ تایبه‌ت بێرمه‌ سارد". 

به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سیده‌كان باسی له‌وه‌شكرد: ساڵی رابردوو كۆمه‌ڵێك گه‌شتیار رویانكردبووه‌ هاوینه‌هه‌واری بێرمه‌ ساردی سیده‌كان كه‌ شوێنێكی دڵرفێن و سه‌رنجڕاكێشی سنوره‌كه‌یه‌، دوای گه‌یشتنیان بۆردومان ده‌ستیپێكرد و فڕۆكه‌ش به‌ئاسمانی ناوچه‌كه‌ سوڕابۆوە، گه‌شتیارانیش بۆ پاراستنی گیانی خۆیان به‌په‌له‌ ناوچه‌كه‌یان جهێشتبوو، له‌ڕێگەی گەڕانەوەیان، هه‌ندێك گه‌شتیار ئۆتۆمبێله‌كه‌یان به‌خێرایی لێده‌خوڕیبوو و توشی ڕووداوی هاتوچۆبوون و بەهۆیەوە دوو گه‌شتیار گیانیان له‌ده‌ستدابوو. 

ئه‌وه‌شی خستەڕوو: وه‌ستانی كه‌رتی گه‌شتیاری له‌زۆربه‌ی ناوچه‌كانی سیده‌كان زیانی زۆری ماددی به‌كه‌رتی گه‌شتوگوزاری سنوره‌كه‌ گه‌یاندووه‌ و بۆته‌ هۆی كه‌مبونه‌وه‌ی داهاتی كه‌رتی گه‌شتیاری. 

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە