وه‌زاره‌تى دارایی ئاماده‌كاریده‌كات بۆ پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى ساڵى 2019

هەواڵ / کوردستان :: 14/09/2018‌ :: 64955‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لى 
كۆبوونەوەكانی وەزارەتی دارایی و ئابوری لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان چڕبوونەتەوە بۆ ئامادەكردنی پڕۆژە یاسایی بودجەی ساڵی 2019، وه‌زیری دارایش ده‌ڵێت :"هه‌ر كاتێك كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم بودجه‌ى په‌سندكراوى له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌بوو، پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ ئاسایى ده‌بێته‌وه".


به‌ پێی زانیارییه‌كان كه‌ لە سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وەزارەتی دارایی و ئابووری ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتوون لە 19ی حوزەیران، رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجەی ئاگاداركردۆتەوە بۆ ئامادەكردنی پڕۆژە یاسایی بودجەی ساڵی 2019.

له‌و باره‌یه‌وه‌ بەیان نوری، بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم بە دواڕۆژی راگەیاند :"دوای ئەوەی وەزیری دارایی ئاگاداری كردوونەته‌وە بۆ ئامادەكردنی پڕۆژە یاسایی بودجە ماوه‌یه‌كه‌ دەستكراوە بە ئاراستە كردنی نوسراو بۆ وەزارەت و فەرمانگه‌كان بۆ ئامادەكردنی بودجەی خەمڵێنراو".

وتیشی :"چەند كۆبوونەوەیەك كراوە و لە دوای پشووی جەژنیش كۆبوونەوەكان كراونه‌ته‌وه‌ بۆ ئەوەی پڕۆژە یاسایی بودجەی ساڵی 2019، ئامادەبكرێت لە ئێستاشدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە نوسراوی ئاراستەی لیژنەی باڵای  هەرێمی بۆ نەوت و گاز كردوە بۆ دیاریكردنی بڕی داهاتی نەوت و گاز و تێچووەكانی".

لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی له‌ 2015وه‌ حكومەتی هەرێم پڕۆژە یاسایی بودجەی  ساڵانه‌ی نەبووە، پێشتریش وه‌زاره‌تی دارایی "بەیاننامەی دارایی" ئاراستەی پەرلەمان كردبوو كە سەرجەم داهات و خەرجیه‌كان بۆ ساڵی 2015 تێدا رونكردبووە، لە 19 تەمووزی 2018-ش بەیاننامەی دارایی ساڵانی 2016 و 2017 رەوانەی پەرلەمانی كوردستان كردووه‌ لەگەڵ وێنەیەكی نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری  كە سەرجەم چالاكییە داراییەكانی لە خۆگرتووه‌.

پێشتریش رێباز حه‌ملان، وه‌زیری درایی رایگه‌یاندبوو :"پاڵپشت به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ژماره‌(56)ی رۆژی 21ی 12ی2015، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌حكامی بڕگه‌ (1/أ) له‌ مادده‌ی (19)له‌ یاسایی راژه‌ی شارستانی ژماره‌ 24ی ساڵی 1960ی هه‌مواركراو بڕیاردراوه‌ كه‌ هیچ پله‌ به‌رز كردنه‌وه‌یه‌ك بۆ فه‌رمانبه‌رانی پله‌ وه‌زیفییه‌ گشتییه‌كان له‌ هه‌رێم تا په‌سندكردنى بودجه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌نجام نه‌درێت".

وه‌زیری دارایی ئه‌وه‌شی خستبووه‌ ڕوو :"هه‌ر كاتێك كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم بودجه‌ى په‌سندكراوى له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌بوو، پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ ئاسایى ده‌بێته‌وه".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure