وێنه‌: "كۆشكه‌ فڕیوه‌كه‌"ی ئه‌ردۆغان هه‌رداده‌نێته‌وه‌

هەواڵ / جیهان :: 14/09/2018‌ :: 319‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین 
له‌ كاتێكدا كه‌ وڵاتی توركیا به‌هۆی دابه‌زینی به‌های لیره‌وه‌ دووچاری قه‌یرانی ئابوری بووه‌ته‌وه‌، كۆشكه‌ فڕیوه‌كه‌ی سه‌رۆكی توركیا هه‌راده‌نێته‌وه‌.

به‌پێی میدیاكانی توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا فڕۆكه‌یه‌كی تایبه‌ت كه‌ به‌هاكه‌ی نیو ملیار دۆلاره‌، له‌ شێخ ته‌میم بن حه‌مه‌د ئال سانی، ئه‌میری قه‌ته‌ر وه‌رده‌گرێت. 

به‌پێی سایتی (Kokpit.aero)ی توركی، ئه‌میری قه‌ته‌ر ئه‌و دیارییه‌ وه‌ك نیشاندانی خۆشه‌ویستی و متمانه‌ به‌ توركیا و ئه‌ردۆغان به‌خشیووه‌، ده‌شڵێت "فڕۆكه‌كه‌ له‌ جۆری (بۆنگ8-747)ه‌". 

وه‌رگرتنی ئه‌و فڕۆكه‌ گرانبه‌هایه‌ له‌كاتێكدا كه‌ وڵاته‌كه‌ به‌ قه‌یراندا تێده‌په‌ڕێت، ده‌نگۆیه‌كی زۆری دروستكردووه‌. 

لای خۆیه‌وه‌، غه‌مزه‌ تاشجی، په‌رله‌مانتار له‌سه‌ر حیزبی كۆماری گه‌ل رایگه‌یاندووه‌، سه‌رۆكی توركیا ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ى له‌ قه‌ته‌ر كڕیووه‌ بۆ به‌كارهێنانی تایبه‌تی خۆی، ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ به‌ دیاری پێی به‌خشرابێت. 

به‌پێی سایتی "سكای نیوز"ی عه‌ره‌بی، فڕۆكه‌كه‌ له‌ 76 شوێنی دانیشتن و حه‌وت ژوری نوستن و دوو هۆڵی گه‌وره‌ی پێشوازی پێكهاتووه‌، فڕۆكه‌كه‌ پێش سێ ساڵ به‌ 400 ملیۆن دۆلار نمایشكرابوو بۆ فرۆشتن كاتێك كه‌ قه‌ته‌ر له‌ ساڵی 2015 كڕی.

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure