لەمەودوا زیندوو و مردووەکان دەتوانن ئەندامەکانی لەشیان ببەخشن

هەواڵ / کوردستان :: 14/09/2018‌ :: 1105‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی  
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایدگەیەنێت، بەفەرمی لەهەرێمی کوردستان یاسای چاندنی ئەندامەكانی لەش دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەمەودوا مردوو و زیندووەکانیش دەتوانن بەپێی یاسا لەهەرێم ئەندامەکانی لەشیان ببەخشن.


دکتۆر خاڵس قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند:"پێشتر کۆمەڵێک رێگری و کێشە هەبوون لەبەردەم بەخشینی ئەندامەکانی لەش بۆ نەخۆش، چونکە نەدەتوانرا بەبێ یاسا ئەوە بکرێت، بەڵام لە 13ی ئەیلول، بەفەرمی رێنمایی تایبەت بەجێبەجێكردنی یاسای چاندنی ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ خرایە بواری جێبەجێکردنەوە لە هەرێمی كوردستان".

وتشی :"پێشتر تەنیا رێنمایی بۆ چاندنی گورچیلە هەبوو لە کەسانی زیندوو بۆ نەخۆش، بەڵام لەو یاسایەى کە لە پەرلەمانی کوردستان درچووە، بەتەواوی رێگەپێدراوە کە چاندنی سەرجەم ئەندامەكانی دیكەش رێگەپێدراو بێت لەهەرێمی كوردستان، واتا هیچ جیاوازییەک نەماوە لەنیوان ئەندامی لەشی کەسێکی زیندوو یان مردوو".

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی خستەڕوو :"بۆ ئەوەی یاساکە وەک خۆی جێبەجێبکرێت و نەچێتە چوارچێوەیەکی بازرگانی و بەهەڵە سوود لەو یاسایە وەرنەگیرێت، بڕیاردراوە کە لیژنەی باڵای پێكبهێنرێت لە پارێزگاكان و هەروەها تیمی سەرپەرشتیاری تایبەت بە پسپۆڕییەکان لە نەخۆشخانەکان دیاریبکرێت و بۆ ئەوەی یاساکە و رێنماییەکان وەک خۆی جێبەجێبکرێن".

پەرلەمانی کوردستان لە سەرەتایی ئەمساڵ پرۆژە یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2018 تایبەت بە بەخشین و چاندنی ئەندامەکانی لەش لە هەرێمی کوردستان دەرچواند.

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure