محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: داوامان له‌ پارتى كردبوو یه‌ك مانگ هه‌ڵبژاردن دوابخرێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 13/09/2018‌ :: 1176‌ جار بینراوە
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌راندنى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان

دواڕۆژ، سامان قوبادى 
له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا، محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌راندنى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، وه‌ڵامى چه‌ند پرسێكى تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت:"پێمان باش بوو هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ ماوه‌ى یه‌ك مانگ دوابخرێت".

دواڕۆژ: ئایا گۆڕان كه‌ى و له‌گه‌ڵ كێ ده‌چێته‌ به‌غدا؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كان و یه‌كێتى و پارتى گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ وه‌فدێكى هاوبه‌ش كه‌ نوێنه‌رایه‌تى هه‌رێم بكات بچێته‌ به‌غدا، وه‌كو گۆڕان ته‌ركیزمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت ئه‌و پرۆژه‌یه‌ى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كان قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت، ره‌بت بێت به‌و كێشانه‌ى له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و پرسانه‌ى په‌یوه‌ستن به‌ ده‌ستوره‌وه‌، رێكخستنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوولا، ئه‌و بابه‌ته‌كانه‌ى په‌یوه‌ندییان به‌ ژیان و گوزه‌رانى خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌ جه‌ختى له‌سه‌ر بكرێته‌وه‌، نه‌ك بچین بۆ پۆست و پله‌ و پایه‌، تائێستا له‌ گفتوگۆى به‌رده‌وامداین، كاتێك دیارینه‌كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بچینه‌ به‌غدا. ئه‌گه‌ر پرۆژه‌یه‌كى هاوبه‌ش هه‌بێت، هه‌روه‌ها به‌رنامه‌یه‌ك هه‌بێت كه‌ له‌گه‌ڵ عێراقدا چۆن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌وكات به‌ یه‌ك وه‌فد ده‌چینه‌ به‌غدا.

دواڕۆژ: له‌ به‌غدا به‌شدار ده‌بن له‌ حكومه‌ت یان ده‌بنه‌ ئۆپۆزسیۆن؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم:
لاى ئێمه‌ به‌رنامه‌ی كابینه‌ى چوار ساڵى داهاتووى عێراق گرنگه‌، هه‌روه‌ها كام لایه‌ن راده‌سپێردرێت بۆ پێكهێنانى و به‌رنامه‌كه‌ى چۆنه‌. وه‌كو گۆڕان له‌به‌ر رۆشنایى ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ بڕیار ده‌ده‌ین.

دواڕۆژ: بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان چۆن خۆى بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ئاماده‌كردووه‌؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: له‌رووى میدیا و ریكلام و پۆسته‌ره‌وه‌ سه‌رجه‌م ئاماده‌كارییه‌كان كراوه‌، شار و شارۆچكه‌كان به‌سه‌ر براده‌رانى خانه‌ى راپه‌ڕاندن و كادیرانى گۆڕان دابه‌شكراوه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن، به‌شێوه‌یه‌كى باش خۆمان ئاماده‌ كردووه‌.

دواڕۆژ: ئایا باسكردن له‌ دواخستنى هه‌ڵبژاردن یارییه‌ك نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ى نه‌توانرێت ئاماده‌كاریى پێویست بكرێت بۆ بانگه‌شه‌؟
محه‌مه‌د تۆفیق: وه‌كو بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ماوه‌یه‌كى زۆره‌ سه‌رقاڵ بووین به‌ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان.

دواڕۆژ: له‌ كۆبوونه‌وه‌تان له‌گه‌ڵ پارتى چ داواكارییه‌كتان هه‌بووه‌؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: ته‌نها راى خۆمان پێوتوون، به‌وه‌ى ده‌بێت بارودۆخى خه‌ڵك چاره‌سه‌ر بكرێت و گوزه‌رانیان باش بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵك متمانه‌ى هه‌بێت به‌ سیستمى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ بۆچى داواتان له‌ پارتى كردبوو هه‌ڵبژاردنه‌كان دوابخرێت؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: داواى دواخستنمان نه‌كردووه‌، پێمان وتوون ئه‌گه‌ر پێویست بكات بۆ ماوه‌ى مانگێك دوابخرێت، به‌هۆى ئه‌وه‌ى كۆمسیۆن پێویستى به‌ كاتى زیاتره‌ بۆ ئه‌وه‌ى تۆمارى ده‌نگده‌ران پاكبكاته‌وه‌، بۆیه‌ پێمان باش بوو بۆ ماوه‌ى یه‌ك مانگ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان دوابخرێت.

دواڕۆژ: پێشبینیت چۆنه‌ بۆ ئه‌نجامى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌؟ پێگه‌تان چۆن ده‌بێت؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: هیوادارین خه‌ڵك به‌شداریی بكه‌ن  و له‌رێگه‌ى ده‌نگدانه‌وه‌ داواكانیان بچه‌سپێنن، هه‌موو ئاماده‌كاری و هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگێكى باش به‌ ده‌ستبێنین تا بتوانین پێگه‌یه‌كى به‌هێزمان هه‌بێت له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، هه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ ئه‌وه‌یه‌ پله‌ى یه‌كه‌م له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنین، ئه‌مه‌یش ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى تاچه‌ند خه‌ڵك به‌شداریى ده‌كات و چۆن ده‌نگ ده‌درێت.

دواڕۆژ: خه‌ڵكێكى زۆر ناڕازى و بێ ئومێده‌ له‌ ده‌نگدان، چۆن ده‌توانن ئومێد بگه‌ڕێننه‌وه‌؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: ده‌بێت هه‌موو كادیر و كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانى گۆڕان بكه‌وینه‌ ناو خه‌ڵك و بڕوایان پێ بهێنین كه‌ باشترین شێوه‌ بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان به‌شداریكردنه‌ له‌ پرۆسه‌ى ده‌نگدان.

دواڕۆژ: دواى هه‌ڵبژاردنه‌كان ئایا گۆڕان به‌شدار ده‌بێت له‌ حكومه‌ت یان ده‌بێته‌ ئۆپۆزسیۆن؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: دواى هه‌ڵبژاردن كه‌ ده‌نگ و كورسییه‌كان دیاریكرا ئه‌وكات كۆده‌بینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌رنامه‌یه‌ك دابنێین كه‌ چى بكه‌ین، هاوكات به‌رنامه‌ى خۆمان بۆ حكومڕانى له‌ هه‌رێم ده‌خه‌یه‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌كانى تر.

دواڕۆژ: سكاڵاتان تۆمار كرد به‌وه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراقدا ساخته‌كاریى كراوه‌، چ گره‌نتییه‌ك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ساخته‌كارى نه‌كرێت؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: هه‌موو هه‌وڵێكمان داوه‌، لایه‌نه‌ ده‌ره‌كى و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان گرنگى به‌ بارودۆخى هه‌رێمى كوردستان ده‌ده‌ن، ده‌نگدانیش وه‌كو جارى پێشوو به‌شێوه‌ى ئه‌لیكترۆنى نییه‌ و به‌ده‌ست ده‌ژمێردرێت. ساخته‌كاریى تێدا ده‌كرێت، به‌ڵام هیوادارین كه‌مترین ساخته‌كاریى تێدا بكرێت، ئه‌گه‌ر بشكرێت دواتر بڕیارى له‌سه‌ر ده‌ده‌ین كه‌ چى بكه‌ین.

دواڕۆژ: لایه‌نگرانتان له‌ خانه‌ى راپه‌ڕاندن و رێكخه‌رى گشتى نیگه‌رانن، ئایا له‌ ئایینده‌یه‌كى نزیكدا گۆڕانكاریى له‌ناو گۆڕاندا ده‌كرێت؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: ئه‌مه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ناوخۆى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌وه‌، دواى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان به‌پێى پرۆسه‌ى سیاسى و به‌پێى ده‌ستورى گۆڕان گۆڕانكاریى ده‌كه‌ین. 

دواڕۆژ: باس له‌ نیگه‌رانیى قادرى حاجى عه‌لى ده‌كرێت له‌ خانه‌ى راپه‌ڕاندن، ئایا به‌شداریى بانگه‌شه‌ ده‌كات؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم : هه‌موو سه‌ركرده‌كانى گۆڕان به‌شدار ده‌بن، نه‌م بیستووه‌ نیگه‌ران بێت، به‌ڵكو ئه‌ویش به‌شداریى ده‌كات.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure