باشماخ ؛سەرباری سزا ئابورییەكانی سەر ئێران جموجۆڵی بازرگانی زیادیكردووە

هەواڵ / ئابوری :: 15/09/2018‌ :: 527‌ جار بینراوە

دواڕۆژ،رێبین حەسەن
سه‌ره‌ڕاى سزائابوورییه‌كانی سه‌ر ئێران، كاروباری بازرگانی لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ زیادیكردووە و بەپرسێكی مەرزەكەش رایدەگەیەنێت، داهاتی هەشت مانگی رابردووی ئەمساڵ زیاترە و دەنگۆكانی داخستنی مەرزی باشماخیش راست نییە".


شاخەوان بەكر، بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بەدواڕۆژی راگەیاند: "لەماوەی هەشت مانگی رابردووی ئەمساڵدا، بەبەراورد به‌ 12 مانگی ساڵی 2017، جموجۆڵی بازرگانی بەرێژەی 35% زیادیكردووە و بەوه‌ش داهات زیادیكردووه‌".

بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ  رونیكردووه‌ "داهاتی گشتی ساڵی 2017  نزیكه‌ى237 ملیار دینار بووە، بەڵام داهاتی تەنیا هەشت مانگی رابردووی ئەمساڵ 217 ملیار دینار بووه‌".

وتیشی "ئەو ئابڵوقە ئابوورییەی خراوەتە سەر ئێران، تائێستا كاریگەری له‌سه‌ر جموجوڵى بازرگانى مه‌رزه‌كه‌ نه‌بووه‌ و هەموو دەنگۆیانەش باس لەداخستنی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ دەكەن راست نییە".

بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ ئاماژەی بەوەشكرد "لەمانگی 11 كە قۆناغی دووەمی سزاكان جێبەجێدەكرێت، ئەو كاتە دەتوانین قسە لەسەر ئەوە بكەین ئایا هیچ كاریگەرییەكی دەبێت یاخود نا، تائێستاش هاوردەكردنی هیچ بابەتێك لەئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان قەدەغە نەكراوە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure