چیرۆكى ئه‌و گه‌نجه‌ی هه‌ولێر کە به‌هه‌ڵه‌ لە بری کەسێکی تر كوژرا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 22021‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
سالار سدیق ته‌مه‌ن (34 ساڵ) ره‌نگه‌ هه‌رگیز به‌خه‌یاڵیدا نه‌هاتبێت له‌ برى كه‌سێكى تر بكوژرێت، به‌ڵام كاتژمێر نۆى شه‌وى رابردوو 12ی ئه‌یلول له‌ شارى هه‌ولێر ئه‌وه‌ى چاوه‌ڕوانى نه‌ده‌كرد به‌سه‌ریدا هات، كاتێك له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كدارى نه‌ناسراوه‌وه‌ له‌برى كه‌سێكى تر كوژرا.

 سالار به‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ى له‌ نه‌خۆشخانه‌ى سویدى له‌ هه‌ولێر ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ كاتێك له‌ شه‌قامى 100 مه‌ترى ته‌قه‌ى لێكرا و كوژرا، ئه‌و نه‌یده‌زانى نهێنى كوشتنه‌كه‌ى له‌خۆیدا نییه‌، به‌ڵكو له‌و ئۆتۆمبێله‌دایه‌ كه‌ پێى رۆیشتووه‌ته‌وه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مه‌ له‌ كه‌سێكى ترى كڕیوه‌ كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا چه‌كداره‌كان مه‌به‌ستیان ئه‌و كه‌سه‌ بووه‌ بیكوژن کە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە بووە، نه‌ك سالار، ئه‌وه‌ش به‌پێى گێڕانه‌وه‌ى كه‌سوكارى قوربانییه‌كه‌.
  
هێمن رۆستی، پورزای  سالار كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌هێز بووه‌ بۆ دواڕۆژ وتى" سالار كێشه‌ى له‌گه‌ڵ كه‌س نه‌بووه‌ به‌ڵام ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك بوو سالار ئۆتۆمبێلی له‌ پزیشكێكی هاوڕێی كڕیبوو، له‌ هه‌مان ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ی كه‌ خۆی كاری لێده‌كرد و ئێستا ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ پێش ماوه‌یه‌ك كه‌سێك له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و پزیشكه‌ی كه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی به‌ سالار فرۆشتووه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌، كه‌ پزیشكی سڕكردن بووه‌، بۆیه‌ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌وكه‌سه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن و تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌یان له‌و پزیشكه‌ كردووه‌، دیاره‌ ئه‌وانیش چاودێری پزیشكه‌كه‌یان كردووه‌، بۆیه‌ له‌كاتی ته‌قه‌كردن له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ وایان زانیووه‌ پزیشكه‌كه‌یه‌ به‌ڵام سالاری پورزام بوو".

دواڕۆژ هه‌وڵیدا په‌یوه‌ندی به‌ به‌رپرسانی نه‌خۆشخانه‌ی سویدییه‌وه‌ بكات له‌ هه‌ولێر، كه‌ سالار كارمه‌ندییان بووه‌ به‌ڵام ئه‌وان له‌ وه‌ڵامی دواڕۆژدا وتیان" ئێمه‌ ناتوانین قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بكه‌ین و هیچ شتێك روون نیه‌، ره‌قه‌می به‌رپرسه‌كانی نه‌خۆشخانه‌ش ناتوانین بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن". 

له‌ئێستادا پۆلیسی هه‌ولێر لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار  سه‌رگه‌رمى لێكۆلێنه‌وه‌ له‌و روداوى كوشتنه‌ كه‌ ئه‌وانیش گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌وه‌ى سالار سدیق به‌هه‌ڵه‌ كوژراوه‌.    
 
عه‌بدولخاله‌ق ته‌ڵعه‌ت به‌ڕیوه‌به‌ری پۆلسی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى وت" راسته‌ گه‌نجێك دوێنێ شه‌و كوژراوه‌ و ئێستاش رێكاره‌كانمان ده‌ستپێكردووه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ و تا ئه‌نجامی كۆتایی هیچ شتێك به‌فه‌رمی راناگه‌یه‌نین".

عه‌بدولخاله‌ق ته‌ڵعه‌ت وتیشى" گه‌نجه‌كه‌ به‌هه‌ڵه‌ كوژراوه‌ و به‌هۆی ئۆتۆمبێلی كه‌سێكی تره‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌و به‌كاریهێناوه‌، خه‌ریكی لێكۆڵینه‌وه‌ین، به‌دوای بكه‌رانی ئه‌و رووداوه‌دا ده‌گه‌ڕێین".





  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure