وه‌زیرى ته‌ندروستى: مانگانه‌ پشكنین بۆ زیاد له‌ هه‌زار جۆر ده‌رمان ده‌كه‌ین

هەواڵ / کوردستان :: 13/09/2018‌ :: 542‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
وه‌زیرى ته‌ندروستى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌رى به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ و ده‌شڵێت: مانگانه‌ زیاد له‌ هەزار جۆر ده‌رمان پشكنینیان بۆ ده‌كرێت.


رێكه‌وت حه‌مه‌ڕه‌شید، وه‌زیرى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێم ئەمڕۆ 13ی ئەیلولی 2018  له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ رایگه‌یاند: به‌ مه‌به‌ستى خزمه‌تكردنى زیاترى دایكان و منداڵان، ئه‌مڕۆ توانیمان نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت به‌ منداڵان و منداڵبوون بكه‌ینه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئامێرى تایبه‌ت به‌چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆشانى ئێسك بخه‌ینه‌گه‌ڕ. ئه‌وه‌شى وت: له‌ چه‌ند رۆژى داهاتووشدا نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنى به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئێستا 280 كه‌سمان دامه‌زراندوه‌.  

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا ئامێرێكى پێشكه‌وتووى (سیتى سكان) ده‌نێرین بۆ خزمه‌تى نه‌خۆشانى هه‌ڵه‌بجه‌، هاوكات لیژنه‌یه‌كى تایبه‌تیشمان پێكهێناوه‌ بۆ بینینى به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌ و دواجار بڕیاردان له‌سه‌ر ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌یان بۆ وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ر، له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكیشدا ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ین.

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێكى دواڕۆژ سه‌باره‌ت به‌ كوالیتى كۆنتڕۆڵ و بوونى ده‌رمانى پێویست له‌ كۆگاكاندا، وه‌زیرى ته‌ندروستى وتی: "له‌ ساڵى 2012 قوفڵێكى گه‌وره‌ له‌ كوالیتى كۆنتڕۆڵ درابوو، به‌ڵام ئێستا زۆر چالاكانه‌ كاره‌كانى خۆیان ئه‌نجامده‌ده‌ن و مانگانه‌ پشكنین بۆ زیاد له‌ هه‌زار جۆر ده‌رمان ده‌كه‌ن و ستیكه‌ریان ده‌خرێته‌سه‌ر، هاوكات به‌ شێوه‌یه‌كى گشتیش گرفتى كه‌مى ده‌رمانمان نییه‌ له‌ كۆگاكاندا".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure