کۆمەڵێک ئێسکوپروسک لەگەڵ چەند ناسنامەیەکی پێشمەرگە دیلەکان دۆزرایەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 1321‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
هێزە ئەمنییەکانی حەویجە لە سەنتەری شارەکەدا کۆمەڵێک ئێسکوپروسکیان دۆزیوەتەوە کە هاوکات چەند ناسنامەیەکیش لەهەمان ناوچەدا دۆزراونەتەوە سێ لەناسنامەکان بۆ پێشمەرگە دیلەکان دەگەڕێتەوە.

عەقید فەتاح ياسين، بەڕێوەبەری پۆلیسی حەویجە بە دواڕۆژی وت: "دوێنێ چوارشەممە 12ی ئەیلول لەخانویەکی نیمچە تەواوکراودا (هەیکەل) لەناوچەی پیشەسازی قەزاکە کۆمەڵێک ئێسکوپروسک دۆزراونەتەوە و چەند ناسنامەیەکیش لەهەمان شوێندا بوون".

وتیشی: "راستە ناسنامەکان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە، بەڵام تاوەکو پشکنینی تەواو بۆ ئێسکوپروسکەکان نەکرێت نازانرێت بۆ خاوەن ناسنامەکان دەگەڕێتەوە یاخود خەڵکانی دیکەن".

شکور محەمەد، بەڕێوەبەری پزیشکی دادوەری کەرکوک بە دواڕۆژی وت: "ئێسکوپروسکەکان گەیەنراونەتە پزیشکی دادوەری کەرکوک و نازانرێت بۆ چەند کەس دەگەڕێتەوە".

وتیشی: "ئێسکوپرسوکەکان نادرێتەوە بەکەسوکاریان تاوەکو سەرجەم رێوشوێنەکان ئەنجامدەدرێن و دواتر پشکنینەکانیش دەچنەوە بەغدا".

لەلایەن بەرپرسی هەواڵگری حەشدی حەویجەوە وێنەی ناسنامەکان لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوکراوەیەوە و داوایکرد: کەسوکاری خاوەنی ناسنامە دۆزراوەکان ئاگاداربکرێنەوە لەدۆزینەوەی ناسنامەکان لەناو گۆڕێکی بەکۆمەڵدا.

ئەحمەد خورشید، ئەندامی ئەنجومەنی قەزای حەویجە بە دواڕۆژی وت: "ناسنامە و ئێسکوپروسکەکان لەیەک شوێندا دۆزراونەتەوە و ئەوەش وایکردوە دڵنیابین کە تەرمی پێشمەرگە دیلەکانی دەستی داعشە".

وتیشی: "ناسنامەی پێشمەرگەکان لەلای هەواڵگری حەشدی شەعبییە و کەمێکی تر بەنوسراوی رەسمی رەوانەی دەکەنەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکوک".

دواڕۆژ زانیوێتی ئەو ناسنامانەی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێشمەرگانەی پێشتر لە شەڕی داعش بەدیل گیراون.

هەروەها ناسنامەکەی دیکەش کابرایەکی عەرەبی دانیشتوی پارێزگای زیقارە کە پێشتر لە شەڕی داعش لەناوچەی حەمرین بە دیل کەوتوەتە دەستی ئەو گروپە، پاشان وێنەی کوشتنیشیان بڵاوکردەوە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure