ئاژانسێكى نێوده‌وڵه‌تى: توشبوانى شێرپه‌نجه‌ له‌مساڵدا بۆ زیاتر له‌ 18 ملیۆن به‌رزده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / جیهان :: 13/09/2018‌ :: 281‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئاژانسێكى تایبه‌ت به‌ توێژینه‌وه‌ى نه‌خۆشیه‌كانى شێرپه‌نجه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: ژماره‌ى توشبووانى نه‌خۆشیه‌كه‌ له‌ جیهان له‌مساڵدا بۆ زیاتر له‌ 18 ملیۆن حاڵه‌ت به‌رزده‌بێته‌وه‌.


ئاژانسى نێوده‌وڵه‌تى بۆ توێژینه‌وه‌ى نه‌خۆشیه‌كانى شێرپه‌نجه‌ى سه‌ر به‌ رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و نه‌خۆشیه‌ له‌ ساڵى 2018دا گیانى 9.6 ملیۆن كه‌س ده‌كێشێت، كه‌ بریتیه‌ له‌ یه‌كێك له‌ هه‌ر هه‌شت حاڵه‌تێكى مردن له‌نێو پیاوان و یه‌ك له‌نێو هه‌ر 11 حاڵه‌تى نێو ئافره‌تان.

راپۆرتى ئاژانسه‌كه‌ به‌ وردى رێژه‌ى بڵاوبونه‌وه‌ و مردن به‌هۆى جۆره‌ جیاوازه‌كانى شێرپه‌نجه‌ ئاشكراده‌كات.

ئاژانسه‌كه‌ ده‌ڵێت: حاڵه‌ته‌كانى توشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ له‌ جیهاندا به‌رزده‌بێته‌وه‌ بۆ نزیكه‌ى 18.1 ملیۆن حاڵه‌ت له‌مساڵدا، له‌كاتێكدا له‌ ساڵى 2012 حاڵه‌ته‌كانى توشبوون 14.1 ملیۆن و مردن 8.2 ملیۆن بووه‌، كاتێك دواین راپۆرتى ئاژانسه‌كه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. 

رونیشیده‌كاته‌وه‌: گرفتى زیادبوونى نه‌خۆشیه‌كه‌ له‌ رووى ژماره‌ى حاڵه‌ته‌ نوێیه‌كان و بڵاوبونه‌وه‌ و مردن، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ند هۆكارێك له‌وانه‌ گه‌شه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابورى و زیادبوونى ژماره‌ى دانیشتوان و چوونه‌ ته‌مه‌ن.

راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌شده‌دات: شێرپه‌نجه‌ى سییه‌كان، كه‌ هۆكاره‌كه‌ى جگه‌ره‌كێشانه‌ به‌شێوه‌یه‌كى بنه‌ڕه‌تى، سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كى مردنه‌ به‌ شێرپه‌نجه‌ له‌ جیهاندا.

هاوشان له‌گه‌ڵ شێرپه‌نجه‌ى مه‌مك، شێرپه‌نجه‌ى سییه‌كان زۆرترین ژماره‌ى حاڵه‌ته‌ نوێیه‌كان له‌خۆده‌گرێت، پێشبینیش ده‌كرێت 2.1 ملیۆن حاڵه‌تى نوێى توشبوون له‌ هه‌ردوو جۆره‌كه‌ى شێرپه‌نجه‌ ته‌نها له‌مساڵدا تۆماربكرێت.

به‌دواى ئه‌وانیشدا شێرپه‌نجه‌ى كۆلۆن سێیه‌م زیاترین جۆره‌ له‌ رووى توشبوونه‌وه‌ به‌ نزیكه‌ى 1.8 ملیۆن حاڵه‌تى نوێ له‌ ساڵى 2018، به‌دواى ئه‌ویش شێرپه‌نجه‌ى پرۆستات و پاشانیش شێرپه‌نجه‌ى گه‌ده‌.

كریستۆڤه‌ر وایلد، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاژانسه‌كه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: "ئه‌م ژماره‌ نوێیه‌ ده‌ریده‌خات كه‌ تائێستا كارى زۆر ماوه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌نجامبدرێت بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى ئه‌و به‌رزبونه‌وه‌ نیگه‌ران ئامێزه‌ له‌باره‌ى نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌ له‌ جیهاندا و خۆپاراستنیش رۆڵى سه‌ره‌كى له‌وه‌دا هه‌یه‌".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure