پیسبوونی ژینگه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كه‌ركوك ده‌كات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 13/09/2018‌ :: 474‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
كۆمپانیایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به‌ ژینگه‌، هۆشداریی ‌پیسبوونی له‌راده‌به‌ده‌ری ژینگه‌ی كه‌ركوك ده‌دات و به ‌زه‌نگێكی مه‌ترسیداری ده‌زانێت بۆ سه‌ر ژیانی دانیشتوانه‌كه‌ی.


به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ (كۆمپانیای كه‌ركوكی گلوپاڵ ئه‌مریكی تایبه‌ت به‌ توێژینه‌وه‌ له‌ ژینگه‌ی كه‌ركوك) كه‌ ماوه‌ی 5 ساڵه‌ له‌و بواره‌دا كارده‌كات، ئامارێكی داوه‌ته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كه‌ رێژه‌یی سه‌وزایی له ‌شاره‌كه‌ (0,9)یه‌ واتا هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ له‌سه‌دا یه‌ك. ئه‌وه‌یشی به ‌زه‌نگێكی مه‌ترسیدار هه‌ژماركردووه‌، چونكه‌ به‌پێی ستانداردی جیهانی، پێویسته‌ رێژه‌ی سه‌وزایی له‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌كدا لانی كه‌م 10-15 له‌سه‌دا بێت. 

خالید كه‌ریم، به‌ڕێوه‌به‌ری ژینگه‌ی كه‌ركوك وێڕای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و زانیارییانه، به‌ دواڕۆژ-ی وت: "به‌پێی ستاندا‌ردی جیهانی رێژه‌ی سه‌وزایی له‌ كه‌ركوك كه‌مه‌، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌و رێژه‌یه‌یش په‌یوه‌سته‌ به ‌شاره‌وانی و كشتوكاڵی شاره‌كه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بودجه‌یان بۆ بڕه‌خسێنن له ‌ماوه‌ی ته‌نها ساڵێكدا ده‌توانن بیگه‌یه‌ننه‌ 10% چونكه‌ پانتاییه‌ سه‌وزاییه‌كان ئاماده‌ن".

وتیشی: "هیچ جیاوازییه‌ك له ‌پیسبوونی ژینگه‌ی كه‌ركوكدا رووینه‌داوه‌ و هاوشێوه‌ی رابردوو هۆكاره‌كانی پیسبوونی ژینگه‌ هه‌ر ماون كه‌ بریتین له‌ كۆمپانیای نه‌وتی باكور و غازی باكور و چه‌ند كۆمپانیایه‌كی دیكه‌ كه‌ فلته‌رمان له‌سه‌ریان هه‌یه‌ و به‌رده‌وام له‌ژێر چاودێریدان".

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌یش كرد كه‌: وه‌كو ژینگه‌ی كه‌ركوك وێستگه‌ و ئامێری تایبه‌تیان هه‌یه‌ بۆ چاودێریكردنی رێژه‌ی پیسبوونی ژینگه ‌و هه‌ر كاتێكیش بزانن كه‌ رێژه‌ی پیسبوونه‌كه‌ له ‌رێژه‌ی ئاسایی خۆی زیاتر به‌رزبێته‌وه‌ ئه‌وه‌ رێوشوێن ده‌گرنه‌به‌ر.

دزه‌كردنی ئه‌و ئاماره‌ی كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كه‌،‌ ته‌نانه‌ت رێكخراوه‌كانى بواری ژینگه‌یشى تووشی شۆك كردووه‌ كه‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ له‌پێناو به‌رزكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی سه‌وزایی كارده‌كه‌ن. یه‌كێك له‌ چالاكوانی ئه‌و رێكخراوانه‌ ده‌ڵێت: "پێمان وابوو توانیومانه‌ رێژه‌كه‌مان گه‌یاندبێته‌ 2% به‌ڵام له‌ئێستادا تووشی شۆك بووین چونكه‌ پێشتر رێژه‌ی راسته‌قینه‌مان نه‌زانیبوو".

شكۆڤه‌ ساڵه‌یی، ئه‌ندامی رێكخراوی كوردستانێكی سه‌وز له‌ كه‌ركوك كه‌ ساڵانێكه‌ كارده‌كات بۆ زیادكردنى ئاست و رێژه‌یی سه‌وزایی شاره‌كه‌، بۆ دواڕۆژ وتى: "پێمانوایه‌ گڕگرتنی دارستانه‌كانی شناغه‌ له ‌رۆژئاوای كه‌ركوك زیاتر له‌ جارێك، وایكردووه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر ‌دره‌خت و دار و سه‌وزایی له‌ناوبه‌رێت كه‌ ئه‌وه‌یش رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بوو بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی سه‌وزایی شاره‌كه"‌.

له‌باره‌ی زیانه‌كانی كه‌مبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی سه‌وزایی له ‌كه‌ركوك شكۆفه‌ ده‌ڵێت: "دیارترین كاریگه‌رییه‌كانى ئه‌و دیارده‌یه‌ زۆربوونی خۆڵبارین، تووشبوونی خه‌ڵك به ‌نه‌خۆشیی ره‌بوو و چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی ترى مه‌ترسیداره‌ كه‌ له‌ئێستادا ئاماژه‌كانی ده‌ركه‌وتوون زۆربه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ دووچاری سكچوون بوون"‌.

وتیشی: "جگه‌ له‌نه‌بوونی رێژه‌ی سه‌وزایی، هاوكات ئاوی خواردنه‌وه‌ی زۆربه‌ی ناوچه‌كانیش به‌هۆی سوێربوون و پیسییه‌وه‌ به‌ كه‌ڵكی خواردنه‌وه‌ نایه‌ن و مه‌ترسین بۆ سه‌ر خه‌ڵك. هه‌روه‌ها جۆره‌ها غاز به‌هۆی كۆمپانیاكانی نه‌وت و غازی باكوره‌وه‌ له ‌كه‌شوهه‌وادا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ كه‌ دیارترین كاریگه‌رییه‌كانی هه‌ڵچوونی بارى ده‌روونیى خه‌ڵك و نائارامییه‌".

بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی سه‌وزایی له‌ كه‌ركوك، ئه‌ندامه‌كه‌ی رێكخراوی كوردستانێكی سه‌وز پێشبینی ده‌كات كه‌ ئه‌گه‌ر بودجه‌ و ئاو و پێداویستییه‌كانیش ئاماده‌بن، ئه‌وا‌ پێویستیان به‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ ده‌ ساڵ ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە