ئێران لەمەودوا بە دۆلار و یۆرۆ کاڵا هەناردە دەکات

هەواڵ / ئابوری :: 13/09/2018‌ :: 4137‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
كۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری بازرگانیکردنى بە دۆلار و یۆرۆ خستە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەحمەد کەلاری، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: "لە 9ی ئەیلولەوە حکومەتی ئێران بڕیارێکی دەرکردوە بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە کاڵا و شتومەک رەوانەی دەرەوەی ئێران دەکەن، دەبێت پارەکەیان لەڕێگەی بانکی حکومیەوە بێت، واتا ئەو فاتورانەی بڕی پارەکە و کاڵاکانی تیادایە بە دۆلار نوسرابێت و لەلایەن بانکی حکومیەوە ئەو پارەیەیان لێوەردەگیرێت بە بڕی 8 ھەزار و 700 تمەن دەشکێنرێتەوە".

وتیشی: "ئەم بڕیارە جوڵەی بازرگانی تا ماوەیەک سست دەکات لە ھێنانی کاڵا ئێرانییەکان بۆ کوردستان و عێراق لەبەرئەوەی پێشتر ھاتنی کاڵاکان بەپێی دۆلار بەرامبەر بەتمەنی رۆژ بووە کە دەبێتە ھۆی بەرزبونەوەی نرخی کاڵاکان، بەڵام ئەمە کاتی دەوێت تا بازرگانان رادێن وەک ئەوەی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی بەدراوی دۆلار و یۆرۆ مامەڵەدەکەن".

ئاماژەی بەوەشدا: کۆمپانیا ئێرانییەکان دەبێت ژمارەی بانکی بکەنەوە بە دۆلار، ئەوکاتە کە بازرگانەکان پارە حەواڵەدەکەن دەچێتە سەر ئەو ژمارە بانکیە بە دۆلار بە بڕی دیاریکراوی تمەن دەشکێتەوە.

ئەحمەد کەلاری ئەوەشی رونکردەوە: "لەسەر مەرزەکان چاودێری ئەو بارانە دەکرێت گەر پارەکەی لەڕێگەی بانکی حکومیەوە نەبێت ئەوا ناھێڵن بارەکە بڕواتە دەرەوەی ئێران".

لەگەڵ بەردەوامی قەیرانی دارایی و ئابوری ئێران، حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین بڕیاری لەبارەی راوەستانی دابەزینی بەهای دراوەکەی بەرامبەر بەدۆلاری ئەمریکی دەرکردووە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure