ئایا قەرزەکان کاریگەری لەسەر ئابوری ئەمریکا دروستدەکات؟

هەواڵ / ئابوری :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 471‌ جار بینراوە

تاگ :: ئەمریکا

دواڕۆژ
قەرزەکانی ئەمریکا، بە 20 تریلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت، بەوەش بووە بە قەرزاری یەکەم لە جیهاندا، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئابورییەکەی لەئێستادا بە گەورەترین ئابوری دادەنرێت و بەڕێژەیەکی بەرچاو لەپێش نزیکترین رکبارەکانییەوەیەتی کە یەکێتی ئەوروپا و چین-ن.


گەر بەشێک لە چاودێرەکان پێیان وابێ ئەمریکا بەهۆی زۆری رێژەی قەرزەکانییەوە بووە بە "نەخۆشی بەسەر جیهناوە"، بەڵام بەشێکی تریشیان جەخت لەوە دەکەنەوە واشنتن لەو قەرزانە ناترسێت، چونکە ئابوری و بازرگانی جیهان پەیوەستە بە دۆلارەوە.

لەو بارەیەوە نۆڤل ناسڕی شارەزای ئابوری بە ماڵپەڕی "جەزیرە.نێت"ی راگەیاندووە: سەرەڕای ئەو دۆخە باشەی کە ئابوری ئەمریکای پێدا تێپەڕدەبێت کە رێژەی بەهەمهێنانی ناوخۆیی بەڕێژەی 4.1% بەرزبۆتەوە لە چارەکی دووەمی 2018-دا و بەرامبەر بە دابەزینی رێژەی بێکاری بۆ 3.8% کە بەنزمترین دادەنرێت لەدوای 2000-وە، بەڵام ئەمە ئەو راستییە ناشارێتەوە کە ئەمریکا گەورەترین قەرزاری جیهانە".

ناسڕی ئەوەشی خستۆتەڕوو، کە قەرزی ئەمریکا گەیشتۆتە زیاتر لە 20 تریلیۆن دۆلار، ئەو ژمارەیەش بەردەوام لەبەرزبوونەوەدایە، بەتایبەت لەدوای گەیشتنی دۆناڵد ترەمپ بەکورسی سەرۆکایەتی ئەمریکا.

بەپێی وتەی ئەو شارەزایە، ئەو قەرزە گەورەیە وا دەکات هەموو هاوڵاتییەکی ئەمریکی بڕی 50 هەزار دۆلار قەرزار بێت، ئەوەش دەبێتە مەترسییەکی گەورە لەسەر سەقامگیری ئابوری و ئاسایشی کۆمەڵایەتی ئەمریکا.

لەبەرامبەردا دکتۆر لیۆ چین، مامۆستا لە زانکۆی پەکین بۆ لێکۆڵینەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامانج لەو قەرزانە بوژاندنەوەی ئابوری ناوخۆیی ئەمریکایە.

لیۆ چین بە جەزیرە نێت دەڵێت: "ئەمریکا لەو قەرزانە ناترسێت چونکە خاوەن گەورەترین سەرمایەیە لە جیهاندا و گەورەترین توانای پارەدارکردنی هەیە، جگە لەوەش هەموو ئەو قەرزانە بەدۆلار دەداتەوە".

دەشڵێت: "سیستمی ئابوری و بازرگانی جیهان بە دۆلاری ئەمریکی مامەڵە دەکات، لەبەرئەوە دەتوانین بڵێین ئەمریکا گەورترین کاریگەی هەیە لەسەر بازرگانی جیهانی".

هاوکات ئەلێکسی کلاشۆڤ، یەکێک لەدیارترین شارەزاکانی رێکخراوی "فینام" بۆ وەبەرهێنان و کاغەزی پارە، پێی وایە ئەمریکا سەرەڕای قەرزەکانی، بەڵام ئابورییەکەی یەکەمی جیهانە.

کلاشۆڤ رونیکردۆتەوە: "ئابوری ئەمریکا سەرنجی وەبەرهێنە بیناییەکان رادەکێشێت، بەڕادەیەک چین لەسەرووی ئەو وڵاتانەی کە وەبەرهێنان لە ئەمریکادا دەکەن بەبڕی 1.17 تریلیۆن دۆلار، هاوشان لەگەڵ یابان و روسیا و وڵاتانی کەنداو دێت.

ئاماژە بەوەشدەکات، ئەمریکا خاوەن سامانێکی گەورەیە لە "سەرچاوەکانی وزە و ئاسن" و کەرتی پیشەسازیشییان پەرەی سەندووە و پشت بە تەکنەلۆجیا نوێ دەبەستن و خاوەن توانایەکی زۆرن لە هەناردەکردنی بەرووبوومەکانی کەرتی کشتوکاڵی، دەشڵێت: "هەموو ئەمانە وادەکەن ئەمریکا نەخۆشی نەبێت بەسەر جیهانەوە".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure