دوا زانیاری لەسەر پڕۆژەی كارپێكردنی پاسی شەوانە لەسلێمانی

هەواڵ / ئابوری :: 13/09/2018‌ :: 1932‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
پڕۆژەی دانانی پاس و کارکردنی شەوانەی لەسلێمانی تا ئێستا دەستی پێنەکردووە و کارەکانی ڕاوەستاوە. 

جەلال ئەبوبەکر سەرۆکی سەندیکای شۆفێران بە دواڕۆژی وت: "ئێمە زۆر خۆشحاڵبووین كاتێک کۆمپانیایەک بڕیاریدا ھاتوچۆی شەوان جێبەجێ بکات و باسی شەوان دابنێت کە ئەمەش دەبووەھۆی گەشەی ھاتوچۆ و بەردەوامی بازاڕ".

وتیشی: "ئەو کۆمپانیایە سەرەتا زۆر بەگەرمی کارەکانی دەستپێکرد، بەڵام لەئێستادا خاو بۆتەوە و کارەکانی وەستاوە و بەلایدا نایەتەوە، ناشزانین بەردەوامدەبێت لەسەر کارەکە و داوا کارییەکەی، یان ئەوەیە وازی لێھێناوە".

بەوتەی سەرۆكی سەندیكای شۆفێران، لەبەر ئەوەی كۆمپانیاكە داوای کۆتاییھێنانی بەکارەکە پێشکەش نەکردووە، ناتوانین بڵێین پڕۆژەکە کۆتاییھاتووە".
دواڕۆژ ھەوڵیدا ڕای کۆمپانیاکە وەربگرێت، بەڵام ژمارەکەیان داخرابوو.

بڕیار وابوو لەشاری سلێمانی ھاتوچۆی پاسی شەوان بكەوێـە كار، بەڵام بەھۆی سستبوونەوەی کارەکانی کۆمپانیاکە پێدەچێت ئەو پڕۆژەیە کۆتاییهاتبێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure