سعودیه‌ ده‌یه‌وێت پاكستان په‌لكێشى جه‌نگه‌كه‌ى یه‌مه‌ن بكات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 471‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا، وه‌فدێكى باڵاى عه‌ره‌بستانى سعودى، كه‌ فه‌رمانده‌ى سوپا و وه‌زیرى راگه‌یاندن و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌فسه‌رانى پایه‌ به‌رزى هه‌واڵگرى و جێگرى وه‌زیرى دارایى-یشیان له‌گه‌ڵدا بووه‌، سه‌ردانى پاكستان-یان كردووه‌ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان ریاز و ئیسلام ئاباد به‌تایبه‌ت له‌ رووى سه‌ربازى و داراییه‌وه‌.

ئامانجى سه‌ره‌كیى سه‌ردانى شانده‌كه‌ى سعویه‌ بۆ پاكستان، وه‌ك چاودێران باسى ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تى ریاز ده‌یه‌وێت له‌ ماوه‌ى پێنج ساڵدا بڕى 100 ملیار دۆلار بداته‌ ئیسلام ئاباد و له‌به‌رامبه‌ردا حكومه‌تى ئیسلام ئاباد 40 هه‌زار سه‌ربازى پاكستانى به‌ تانك و تۆپى قورس و مووشه‌ك و فڕۆكه‌ى جه‌نگییه‌وه‌ بنێرێته‌ یه‌مه‌ن بۆ هاوكاریكردنى سوپاى سعودیه‌ و هاوپه‌یمانه‌كانى له‌ تێكشكاندنى چه‌كداره‌كانى حوسى-دا، به‌تایبه‌ت كه‌ شاره‌زایانى سه‌ربازیى ده‌ڵێن سعودیه‌ و هاوپه‌یمانه‌ كه‌نداوییه‌كانى نه‌ك هه‌ر نه‌یانتوانیوه‌ جه‌نگى یه‌مه‌ن له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى خۆیان یه‌كلایى بكه‌نه‌وه‌ به‌ڵكو قووڵایى خاكى سعودیه‌، به‌ شارى ریاز-ى پایته‌ختیشه‌وه‌، له‌به‌ر هێرشى مووشه‌كى حوسییه‌كاندایه‌.

پاكستان، كه‌ له‌ دۆخێكى خراپى ئابورى و داراییدایه‌، پێده‌چێت داواكه‌ى سعودیه‌ى به‌ هه‌ند وه‌رگرتبێت، بۆیه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت ئاماده‌یى خۆیان ده‌ربڕیوه‌ بۆ ناردنى 20 هه‌زار سه‌رباز، وه‌ك ده‌سته‌ى یه‌كه‌م و به‌هه‌موو كه‌ره‌سته‌یه‌كى جه‌نگییه‌وه‌ به‌ره‌و یه‌مه‌ن و شه‌ڕى حوسییه‌كان، خۆئه‌گه‌ر نه‌یانتوانى سه‌كه‌وتنى گه‌وره‌ به‌ده‌ستبێنن ئه‌وا دواتر ده‌سته‌ى دووه‌میش بنێرن و به‌مه‌یش ئه‌و 40 هه‌زار سه‌ربازه‌ى پاكستان ده‌گاته‌ سعودیه‌ و یه‌مه‌ن كه‌ حكومه‌تى ریاز داواى ده‌كات. 

پێشبینى ده‌كرێت ئه‌گه‌ر ریاز و ئیسلام ئاباد بگه‌نه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ سه‌ربازییه‌، ئه‌وا ئێران-یش ده‌سته‌وه‌ستان نابێت و پێده‌چێت سى تا په‌نجا هه‌زار پاسدار به‌ مووشه‌كى قورس و تفاقى جه‌نگه‌وه‌ بنێرێته‌ ناوچه‌كه‌، به‌تایبه‌ت بۆ ناو خاكى یه‌مه‌ن بۆ پشتگیریكردنى حوسییه‌كان. 

هه‌رچى روسیا-یشه‌، ئه‌وه‌ پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر پاكستان ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ سه‌رباز و سوپایه‌ى بنێرێته‌ یه‌مه‌ن، ئه‌وا (ناوچه‌كه‌ به‌ته‌واوى ده‌ته‌قێته‌وه‌) و كه‌نداوى بابولمه‌نده‌ب و ته‌نگه‌ى هورمز بۆ پاپۆڕه‌وانى و بازرگانیى جیهانى ده‌ستناده‌ن. بۆیه‌ "مۆسكۆ رازیى نابێت به‌ ناردنى ئه‌و 40 هه‌زار سه‌ربازه‌ى پاكستان، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سعودیه‌ 100 ملیار دۆلاریش بداته‌ ئیسلام ئاباد" هه‌روه‌ها روسیا "ده‌كشێته‌وه‌ له‌ چه‌كداركردنى سعودیه‌ به‌ سیستمى به‌رگریى ئێس400 و چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ى جه‌نگیى له‌و ده‌وڵه‌تانه‌یش ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ لایه‌نگر و پشتگیرى سعودیه‌ن". 

پاكستان خاوه‌نى چه‌كى ئه‌تۆم و یه‌ك ملیۆن و 500 هه‌زار سه‌رباز و زیاتر له‌ 36 هه‌زار تانك و نزیكه‌ى 45 هه‌زار تۆپى قورسى دوورهاوێژ و 2 هه‌زار و 200 فڕۆكه‌ى هێرشبه‌ر و 6 هه‌زار كۆپته‌رى جه‌نگى و ژماره‌یه‌ك مووشه‌كى زه‌وى به‌ زه‌وى-یه‌ كه‌ ئه‌گه‌رچى كڵاوه‌ى ئه‌تۆمییان پێوه‌ نییه‌ به‌ڵام به‌ كڵاوه‌ى 100 كیلۆگرام ته‌قه‌مه‌نییه‌وه‌ 4 هه‌زار كیلۆمه‌تر ده‌ڕۆن.

سه‌رچاوه‌: ئه‌لدیار
ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure