وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ره‌تیده‌كاته‌وه‌ هێزی ئێرانی هاتبێته‌ سنوری پارێزگای سلێمانی

هەواڵ / کوردستان :: 11/09/2018‌ :: 532‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: هیچ هێزێكی كۆماری ئیسلامی ئێران نه‌هاتۆته‌ سنوری پارێزگای سلێمانی و ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ش به‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ناودەبات. 


له‌دوای بۆردومانكردنی باره‌گاكانی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كۆیه‌، چه‌ند ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن دەنگۆی ئەوەیان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ كۆماری ئیسلامی ئێران هێزێكی سه‌ربازی هێناوه‌ته‌ سه‌ر شاخی سورێن له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی و سه‌كۆی مووشه‌كی تێدا دامه‌زراندووه‌. 

به‌ڵام جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌منیداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌و ده‌نگۆ و هه‌واڵانه‌ی باس له‌ هاتنی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئێران ده‌كه‌ن بۆ چیای سورێن له‌ پارێزگای سلێمانی دوورن له‌ راستییه‌وه‌. 

وتیشی: "ئه‌و لایه‌نانه‌ی ئه‌و جۆره‌ ده‌نگۆیانه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ مه‌به‌ستیانه‌ بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن به‌كاری بێنن و ده‌یانه‌وێ لایه‌نێكی تری پێ تۆمه‌تبار بكه‌ن". 

شه‌ممه‌ى رابردوو 8ى ئه‌یلول باره‌گاى حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران (حدكا) و حزبى دیموكراتى كوردستان (حدك) له‌ كۆیه‌ بۆردومان كرا و رۆژى دواتریش سوپاى پاسدارانى كۆمارى ئیسلامى ئێران به‌رپرسیارێتى خۆى له‌ هێرشه‌كه‌ راگه‌یاند.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure