دوای 13 ساڵ دۆسیه‌ی تیرۆركردنی حه‌ریری دەچێتە قۆناغه‌كانی كۆتاییەوە

هەواڵ / جیهان :: 11/09/2018‌ :: 140‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ، محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین 
دادگاییكردنی تۆمه‌تبارانی دۆسیه‌ی كوشتنی ره‌فیق حه‌ریری سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی لوبنان، له‌ لایه‌ن دادگایه‌كی تایبه‌تی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ بۆ ئه‌و ئامانجه‌ پێكهێنرابوو، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 11ی ئه‌یلول به‌ ئاماده‌نه‌بوونی تۆمه‌تباره‌كان پێینایه‌ قۆناغه‌كانی كۆتایی. 

پێشبینیش ده‌كرێت دانیشتنه‌كانی كۆتایی له‌ دادگاییكردنی تاوانبارانی تێوه‌گلاو له‌ دۆسیه‌ی كوشتنی حه‌ریری ده‌ستپێبكات كه‌ سه‌رجه‌م تۆمه‌تباره‌كان ئه‌ندامی حزبوڵڵای لوبنانین. 

له‌ مانگی شوباتی 2005 خۆكوژێك به‌ پیكابێكی پڕ له‌ ته‌قه‌مه‌نییه‌وه‌ خۆی ته‌قاند به‌ كاروانی ئۆتۆمبێله‌كانی حه‌ریری و له‌ ئه‌نجامدا حه‌ریری و 21 كه‌سی دیكه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا و 226 كه‌سیش برینداربوون. 

به‌پێی میدیا لوبنانییه‌كان، سه‌عد حه‌ریری سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستای لوبنان، ده‌چێته‌ دادگای لاهای كه‌ تێیدا دادگاییه‌كه‌ ده‌به‌سترێت. 

دوابه‌دوای رووداوه‌كه‌، كرده‌ تیرۆریستییه‌كه‌ خرایه‌ پاڵ چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی لوبنانی نزیك له‌ سوریا، ئه‌وه‌ش بووه‌هۆی كاردانه‌وه‌ی توند و له‌ ئه‌نجامدا هێزه‌كانی سوریا پاش ئاماده‌بوونیان بۆ ماوه‌ی 30 ساڵ له‌ خاكی لوبنان، كشانه‌وه‌. 

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ سه‌ره‌ڕای ده‌ركردنی فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباره‌كان، حزبوڵڵا ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌و كرده‌ تیرۆریستییه‌وه‌ هه‌بووبێت، بۆیه‌ ئاماده‌ نه‌بووه‌ تۆمه‌تباره‌كان راده‌ست بكات، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ كه‌ دادگای تایبه‌ت به‌ دۆسییه‌كه‌ به‌ ئاماده‌نه‌بوونیان و به‌بێ په‌یوه‌ندیكردن به‌ پارێزه‌ره‌كانیان، دادگاییكردنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure