له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی ئێران بانگهێشتی جه‌واد زه‌ریف ده‌كرێت

هەواڵ / جیهان :: 11/09/2018‌ :: 576‌ جار بینراوە

دواڕۆژ: ئازوو محه‌مه‌د
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا رایده‌گه‌یەنێت: یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌نیازه‌ له‌سه‌ر بابه‌تی خۆپیشاندانه‌كانی ئێران بانگهێشتی محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بكات.

زیگمار گابریێڵ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (زێد دی ئیف)ی ئه‌ڵمانی رایگه‌یاند: له‌گه‌ڵ فدریكا مۆگرینی، به‌رپرسی باڵای سیاسه‌تی ده‌رەوه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا بڕیارمانداوه‌ بانگهێشتی جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بكه‌ین بۆ وەڵامدانه‌وه‌ و گفتوگۆ له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی ئێران.

وتیشی: "هه‌فته‌ی داهاتووی بانگهێشتەکە دەکرێت"، بەڵام ورده‌كاری زیاتری له‌سه‌ر رانه‌گه‌یاند.

ئه‌و وه‌زیره‌ ئه‌ڵمانییه‌ له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا ده‌ڵێت: "ئێمه‌ پێشتر  جه‌ختمان له‌سه‌ر پاڵپشتی له‌و خۆپیشاندانه‌ كردبوو، حكومه‌تی ئێرانیش ده‌بێت پشتیوانی له‌و مافه‌ی  هاووڵاتییەکانی بكات".

حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌فته‌ی رابردووشدا له‌سه‌ر كوژرانی خۆپیشانده‌ران نیگه‌رانی ده‌ربڕیبوو، داوای له‌ حكومه‌تی ئێرانیش كردبوو رێز بۆ مافه‌ ره‌واكانی هاووڵاتییەکانی دابنێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure